کانونی یەکەم 13, 2019

دانە گاز: پابەندین بە بەرەوپێشبردنی کارەکانمان لە کوردستان

کۆمپانیای دانە گاز کە کۆمپانیایەکی چالاکی بەرهەمهێنانی گازە لە هەرێمی کوردستان کۆی بەرهەمەکانی لە کوردستان، میسر، ئیمارات، لە %16.7 زیاد بووە، داهاتیشی لە ٩ مانگی ئەمساڵ 230 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە .

دانە گاز کە لەگەڵ کۆمپانیای پیرڵ پترۆلیۆم هاوبەشی دەکەن لە بەرهەمهێنانی گاز لە کوردستان و %35ـی پشکەکان هی کۆمپانیاکەیە دەڵێت :" بەرهەمی لە کوردستان بەتایبەت لە گازی شلدا بە ڕێژەی %52 زیادیکردووە،داهاتەکەی گەیشتووەتە 118 ملیۆن دۆلار لە 9 مانگدا،ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، چونکە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوو داهاتەکەی 77 ملیۆن دۆلار بووە،داهاتی پوختەی کۆمپانیاکەش 65.3 ملیۆن دۆلار بووە لەو 9 مانگەدا .
بە هەمان شێوە لە میسریش داهاتی کۆمپانیاکە لە 9 مانگدا 105 ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی بەرهەمهێنانی گازیش لە کێلگەی زۆرا 7.3 ملیۆن دۆلار بووە .
د. پاتریک ئەڵمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت :" زۆر خۆشحاڵین کە بەرزترین ئاستی کۆلێکشنمان هەبووە لە 9 مانگی رابردوو لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش هۆکارەکەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و وەرگرتنی حەقدەستی کۆمپانیا بووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆڵێکشنی ئێمە زیاترە لە 230 ملیۆن دۆلار، بەهێزی پەیوەندیشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردانەوە و سوودی ئەرێنی هەبووە بۆ فراوانکردنی کارەکانمان و جێبەجێکردنیان،ئێمە پابەندین بەوەی بە هەموو شێوەیەک توانای خۆمان بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەم بخەینە گەڕ ."
کۆمپانیای پیرڵ پەترۆلیۆم بەرهەمهێنانی زیاد دەکات لە هەرێمی کوردستان، چونکە تاوەکو ئێستا %25ـی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان ماوە پڕ بکرێتەوە، خواستی وزەش پێویستی بەوەیە پلانی مامناوەند و درێژخایەنی بۆ دابنرێت، کۆنسۆرتیۆم ئێستا کێڵگەی ئاستبەرزی بەرهەمهێنانی گاز بەڕێوەدەبات لە هەرێمی کوردستان، وزەی بەرهەمهێنانی کارەباش بە رێژەی سێ لەسەر چوار دابین دەکات .
کۆمپانیاکە سەرەتای ئەمساڵ گرێبەستێکی 20 ساڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ کرد، کە بەپێی رێککەوتنەکە رۆژانە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی گاز لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 250 ملیۆن پێ سێ گازی سرووشتی، پلانی پێرڵ پترۆلیۆم بۆ فراوانکردنی کارەکانی بریتیە لە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بە رێژەی 650 ملیۆن پێ سێ جا لە رۆژێکدا تاوەکو ساڵی 2022 و دواتریش بەرزکردنەوەی ئەو رێژەیە بۆ 900 ملیۆن پێ سێ لە رۆژێکدا لە ساڵی 2023، ئێستا بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی 400 ملیۆن پێ سێ جایە لە رۆژێکدا .
پشكی دانە گاز لە یەدەگی هایدرۆکاربۆن لەگەڵ کۆمپانیای پیرڵ لەکێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی %10 بەرزبووەتەوە،تێکڕای پشکی دانە گاز هاوشێوەی 1087 بەرمیل نەوت دەبێت .

 

© 2017 Hawler