کانونی یەکەم 13, 2019

فازل میرانی پێشوازیی لە سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستانی باکوور کرد

دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام فازل میرانی سكرتێری مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لە مەسعود تەك، سەرۆكی پارتی سوسیالیستی كوردستانی باكور psk و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دانیشتنێكدا كە كەمال كەركووكی و جەعفەر ئیبراهیم و رێبوار یەلدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و رەمزی شعبان ئەندامی یەدەگی مەکتەبی سیاسی و علی حسین بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییەكانی نیشتمانی و كوردستانی پارتی ئامادەی ببون، فازل میرانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان رۆشنایی خستە سەر رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و تازە پێشهاتەكان و رووداوە هەنوكەییەكانی ئەم دواییەی لە عێراق و كوردستان و ناوچەكە.
فازل میرانی دووپاتی كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی پاڵپشتی مافە رەواكانی هەموو گەلێكە كە خەبات دەكات مافەكانی خۆی بە دەست بێنێت بە رێگای ئاشتیانە و بێ توندوتیژی.
هەروەها میرانی تەئكیدی كردەوە دەست تێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی یەكتر دوورە لە پرەنسیپەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، لە سەرویانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام لە هەمان كاتدا دەستی هاوكاری و یارمەتیدان درێژ دەكەین بۆ لێقەوماوان بەبێ جیاوازی لە نێوان نەتەوە و ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان.
هەروەها میرانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پەیوەندییەكانی دووقۆڵی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی سۆسیالیستی كوردستانی باكور psk مێژوویین و هەر لە دەستپێك دا ئەم پەیوەندیانە لە خزمەتی گەلی كوردستان دا بووە بۆ گەیشتن بە مافەكانی خۆشگۆزەرانی وەك هەموو گەلانی جیهان.
لەلای خۆیەوە مسعود تەك سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستانی باكور psk زۆر سوپاسی م.س پارتی كرد بۆ ئەم پێشوازیە گەرمەی كە لێیان كراوەو دووپاتی كرد كە گەلی كوردستان یەك دەردو یەك ئازارو یەك ئامانجیان هەیە ئەوەش بە سەر بردنی ژیان بە سەرفرازی لەسەر زێدی خۆیان و گەلی كوردستان هەر لە مێژینەوە پەرۆشی ژیانێكی سەقامگیرو پێكەوە ژیانی ئاشتیانەیەو ئەمە لە خەسڵەتە هەرە گرنگەكانی گەلی كوردو كوردستانە.
مسعود تەك پەیوەندی دووقۆڵی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی سۆسیالیستی كوردستانی باكور psk بە پێشكەوتوو و زوو سەركەوتنیانە وەسفی كرد و هیوای خواست كوردستان هەر لە پێشكەوتن و گەشە سەندندا بێت.

© 2017 Hawler