کانونی یەکەم 13, 2019

ئافرەتێكی دیكەی ئێزدی رزگاركرا

بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، توانیومان ئافرەتێكی دیكە لە وڵاتی سووریا ڕزگار بكەین، بەوەش ژمارەی ڕزگاربووانی دەستی داعش گەیشتە 3 هەزار و 516 كەس، لەسەر فەرمانی سەرۆكی هەرێم بەردەوام دەبین تا یەك كەس لە دەست تیرۆریستاندا مابێت.

لە 3ی ئابی 2014 داعش شنگالی داگیركرد و لە هەردوو رەگەز 6 هەزار و 417 هاووڵاتی كەوتنە دەست داعش، لەو ژمارەیە 3 هەزار و 548 كەسیان ئافرەت بوون و 2 هەزار و 869 كەسیان پیاو بوون.
بە گوێرەی ئاماری نووسینگەی ڕزگاركردنی ئێزدییە رفێندراوەكان كۆی گشتیی ژمارەی هاووڵاتیانی ئێزدی لە عێراق: 550 هەزار كەسن، ژمارەی ئاوارەبووەكان: 360 هەزار هاووڵاتی دەبن، ژمارەی شەهیدەكان، هەزار و 293 شەهید و ژمارەی منداڵانی بێ باوك هەزار و 759 منداڵ و منداڵانی بێ دایك، 407 منداڵ، منداڵانی بێ باوك و دایك: 359 منداڵ دەبن، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە دەست داعشدا ماون، 220 منداڵن، كە كۆی گشتیی 2 هەزار و 745 منداڵ دەبن.
هەر بە گوێرەی هەمان ئامار ژمارەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی تا ئێستا هەڵدراونەتەوە، 69 گۆڕی بە كۆمەڵن، سەرەڕای هەڵدانەوەی دەیان گۆڕی تاكە كەسی، ژمارەی مەزارگە و نزرگە ئاینییە تەقێندراوەكان لە لایەن داعشەوە: 68 مەزارگەنە و ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، 90 هەزار هاووڵاتی دەبن.
كەسوكاری ئەو ئێزدیانەی كە كەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەكەن كە بەردەوام لەسەر خەت بووە بۆ ئازادكردنی كەسوكاری ئەوان كە كەوتبوونە دەست تیرۆریستانی داعش.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوان بۆ "هەولێر" رایگەیاند:" نووسینگەكەمان توانی ئافرەتێكی دیكەی تەمەن 20 ساڵان كە خەڵكی سۆلاغێ یە لە وڵاتی سووریا ڕزگار بكەین و ئێستا لەناو كەسوكاری خۆیدایە.
بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوان ئەوەشی گوت:" ژمارەی ئەو كەسانەی كە تا ئێستا ڕزگار كراون بریتیە لە 3 هەزار 516 كەس، لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی بەردەوام دەبین لەسەر كاری خۆمان تا یەك كەس لە دەست تیرۆریستاندا مابێت".

© 2017 Hawler