کانونی یەکەم 13, 2019

ئەمڕۆ لیژنەی هەمواری دەستوور كۆدەبێتەوە

هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق بۆتە بابەتی رۆژ، لیژنەی هەمواری دەستوور ئەمڕۆ دووەم كۆبوونەوەی خۆی دەكات. نووسینگەی راگەیاندنی د. بەشیر حەداد رایگەیاند، بە هەوڵی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و گشت فراكسیۆنە كوردستانییەكان، ژمارەی ئەندامانی كوردی نێو لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لە سێ كەسەوە بۆ شەش كەس زیاد كران.

سەركردایەتی سیاسی كوردستان هۆشداریی داوە لەوەی هەمواركردنەوەی دەستوور بۆ كەمكردنەوەی مافەكانی كوردستان بێت و رایانگەیاندووە بەهیچ شێوەیەك ئەوە قبووڵ ناكەن.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "رۆژی شەممە دكتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، بۆ زیادكردنی ئەندامانی لیژنەكە و بە هەوڵ و پشتگیریی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تواندرا ژمارەی ئەندامانی كوردی نێو لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور لە 3 كەسەوە بۆ 6 كەس زیاد بكرێت".
ئاشكراش كراوە: "ئەندامانی كوردی نێو لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بریتین لە د. ڤیان سەبری، د.جوان ئیحسان، د. یوسف محەممەد سادق، د. عەبدولباری مودەریس، د.جەمال كۆچەر و سەرۆكی لیژنەی یاسایی رێبوار هادی".
لەلایەكی دیكەوە عەدنان زەرفی، ئەندامی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور رایگەیاند، هەتا ئێستا تەنیا یەك جار لیژنەی هەمواری دەستوور كۆ بۆتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە بۆ دانانی نەخشە ڕێگایەك جارێكی دیكە كۆ ببینەوە، ئەو نەخشە رێگایە بۆ دەست پێ كردنی كار و دەست نیشانكردنی ئەو ماددە دەستووریانەیە كە پێویستە هەموار بكرێنەوە، كە دەبێت مافی هەموو پێكهاتەكان لەبەرچاو بگیرێت".

© 2017 Hawler