تشرینی دووەم 12, 2019

نێچيرڤان بارزانى و محه‌مه‌د بن زاید دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زاید جێنشینی ئه‌بو زه‌بی و جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ئیمارات و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕاپه‌ڕاندنی ئیماره‌تی ئه‌بو زه‌بی، دوايين پێشهاته‌کانی ‌دۆخی عێراقیان تاوتوێ كرد و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 10/11/2019 له‌ ئه‌بو زه‌بى، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زايد، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ديالۆگى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، خواستى هه‌ردوولا بۆ چۆنيه‌تيى په‌ره‌پێدانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كان، ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كه‌رتى تايبه‌تى ئيماراتى له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ته‌واوى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌يان خسته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، مه‌ترسى له‌ ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر و گرنگيى هه‌ماهه‌نگيى ناوچه‌يى و نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى و چه‌ند پرس و بابه‌تێكى ديكه‌ى مايه‌ى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

© 2017 Hawler