تشرینی دووەم 12, 2019

سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆدەبێتەوە

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ڕۆژی سێ شەممە بە مەبەستی گفتوگۆكردن دەر‌بارەی كۆمەڵێك پرس و هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت كۆ دەبینەوە، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەسەر ئاستی جێبەجێ كار دەتوانێت رۆڵێكی باش بگێڕێت بۆ جێبەجێ كردنی بەرنامەی حكوومەت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە "هەولێر"ـی گوت:" رۆژی سێ شەممە لەسەر داوای سەرۆكایەتی هەر سێ ئەنجوومەن لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبینەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەر‌بارەی كۆمەڵێك پرس دەكرێت و كۆمەڵێك داواكاریشمان هەیە ئاراستەی سەرۆكی حكوومەت دەكەین، هەروەها دەمانەوێت یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی ئێمەش رۆڵی خۆمان ببینین لە جێبەجێ كردنی كارنامەی بەڕێزیان، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەسەر ئاستی جێبەجێ كار دەتوانێت رۆڵێكی باش بگێڕێت بۆ جێبەجێ كردنی بەرنامەی حكوومەت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، گوتیشی:" داوا دەكەین یاسای ژمارە 3 هەموار بكرێتەوە، كە زۆر گرفتی تێدایە و باسی ڕۆڵی ئەنجوومەن دەكەین بۆ ئەوەی گرنگیی زیاتر پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر ڕۆڵی چاودێریكردنی خۆمان بگێڕین.
عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" هەر وەكو چۆن پێشتر چاودێر بووینە لەسەر پرۆژەكان، ئێستاش بەردەوام چاودێری پرۆژەكان دەكەین، هەماهەنگی و هاوكاریمان 100% لەگەڵ پارێزگاری نوێ هەیە، پێشتیوانی دەبین بۆ جێبەجێ كردنی بەرنامەكەی".

 

© 2017 Hawler