تشرینی دووەم 19, 2019

ئەوەی لە عێراق روودەدات راپەڕینی شیعەیە لە دژی شیعە

خولی دووەمیخۆپێشاندانەکانی عێراق کە لە 25 مانگی تشرینی یەکەمەوەدەستی پی کردووە تاوەکوو ئێستا بەردەوامە و دیار نییە چ ئاکام و دەرەنجامێکی دەبێت و بە چ ئاقارێکدا دەڕوات. ئەگەر لە رابردوودا زۆرێک لە خۆپێشاندانەکان لە لایەنێکی دیاریکراو بووە بۆ سەر لایەنێکی دیاریکراوی تر ئەمجارەیان راپەڕینی شیعەیە لە دژی شیعە.

لە راپۆرتێکدا کە "دۆیچەوێلێ" بڵاوی کردووەتەوەنەجم والی کە نووسەریکی عێراقییە و لە بەرلین دەژیت باسی لەوە کردووە شیعەکانی عێراق لە نادادپەروەری حکوومەتی شیعە بیزار بوون و بۆیەش راپەڕینی شیعە لە دژی شیعە دەستی پێ کردووە.
لە راستیدا نائارامی و خۆپێشاندانەکان بە راپەڕینی گەنجانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی بەغدا دەستی پێ کرد، گەنجە دەستفرۆش و شوفێری ئەو ئۆتۆمبێلانەی سێ تایەیان هەیە لە هەڵویستەکانی حکوومەت بەزاڵە هاتن بە تایبەتی ئەو کاتەی حکوومەت هەڕەشەی لێ کرد شوێنی کار و کاسبیان لەناودەبات.
ئەمە رێک شەش هەفتە لەمەوبەر رووی دا و گەنجان و کاسبکارانی نارازی بۆ دەربڕیی نارەزایەتی روویان لە بەغدا کرد، ئەوان لە گۆڕەپانی تەحریر و چەندین شوێنی تری شارەکە دەستیان بە گردبوونەوە و خۆپێشاندان کرد و دواجار خۆپێشاندانەکان ئەوەندە فراوان بوون کە لە مێژووی عێراق روویان نەداوە.
تا پێش ئەم دۆخە شوفێری سێ تایەکان تەنانەت لە گڵۆپی سووری ترافیکلایتەکانیش نەدەوەستان و کەس ناوی ئەوانی نەدەهێنا و هیچ لایەنێک حسابی بۆ ئەم توێژە نەدەکرد بەڵام دواجار رۆڵی ئەوان لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان کردنی بە قارەمان و وای لێهات توێژی تری رۆشنبیر و هاووڵاتیانی ئاساییش پشتیوانیان لەو خۆپێشاندانانە کرد رێکیان خستووە.
حکوومەت لە سەرەتای خۆپێشاندانەکان بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە سەرکوتی کردن و ئاستی سەرکوتکارییەکە ئەوەندە بێبەزییانە بوو کە لە حکوومەتەکانی تری رۆژهەڵاتی نێوەراست وێنەی نەبوو.
حکوومەتی عێراق کە تووشی دۆخێکی زۆر نالەبار ببوو سەرەتا بە پێشنیاری پێدانی بەنزین بە خۆڕایی بە شوفێرانی سێتایە هەوڵی دا بڵاوکردنەوە بە خۆپێشاندانەکان بکات، بەڵام قوربانییەکان زیاتر بوون و خۆپێشاندەرانیش لەسەر داواکارییەکانیان سوورتر بوون. بە پێی دواین ئامارە فەرمییەکان کە کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق بڵاوی کردووەتەوە تا هەشتی مانگی تشرینی دووەم سەرووی 280 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 12 هەزار خۆپێشاندەریش بریندار بوون.
خۆپێشاندەران سەرەتا ریستۆرانتێکی چۆلکراوی تورکییان کرد بە نووسینگەی چالاکییەکانیان و داوایان لە حکوومەت کرد قەناس بەدەستەکان لە بازاڕ و شوێنەکان دوور بخاتەوە، کابینەی بگۆڕدرێت و دەست بە بنبڕکردنی گەندەڵی و بێکاری بکات بەڵام حکوومەت بە توندی سەرکوتی کردن و رێسای قەدەغەکردنی هاتوچۆ راگەیەنرا و هەر ئەوەش وای کرد بازنەی خۆپێشاندانەکان گەورەتر ببێت و لە بەغداوە بۆ شارەکانی تر بگوازرێتەوە.
نارەزایەتییەکانی عێراق لەگەڵ هەر وڵاتێکی تری عەرەبی جیاوازە و سەرەتا بە راپەڕیی شیعە لە دژی شیعە دەستی پێ کرد و دواتر سوننەکانیش چوونە پاڵ خۆپێشاندەران.
سەرچاوەکە نووسیویەتی ئەوە یەکەم جار نییە کە شیعەکان لە دژی شیعەکان رادەپەڕن چونکە لە سەردەمی رژێمی بەعسیش دوو لەسەر سیی هێزەکانی سەدام حوسێن خەڵکی شیعە وکورد بوون و فەرماندە و ئەفسەرەکانیش لە خەڵکی سوننە پێک دەهاتن و هەر ئەوانە بوون کە هەشت ساڵ بەرانبەر بە عێراق جەنگان و دواتر لە جەنگی دژی داعشیش هەر ئەو شیعانە بەشداریان کرد بەڵام دواتر کە گەڕانەوە ماڵەوە هەستیان بە نادادپەروەری و گەندەڵی کرد.
خەڵکی شیعە دەڵێن لە دوای رووخانی سەدام حوسێن هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیان و گوزەرانی ئەوان رووی نەداوە و چاوەڕوانی ئەوەیان کردووە ژیانیان باشتر بێت کەچی هەر وەکوو خۆیەتی و بگرە خراپتریش بووە. ئەمە لە کاتیکدایە لە هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لە عێراق سەرەڕای ئەوەی کە بودجەیەکی زۆر کەمی لەبەردەستدا بووە و سەرەڕای دانپێدانان بە بوونی گەندەڵی لە کوردستان، ژیانی خەڵک زۆر گۆڕاوە و شار و گوندەکانیش بە رێژەیەکی بەرچاو ئاوەدان کراونەتەوە.
زۆربەی خۆپێشاندەران کە لە توێژی گەنجن چیتر ئامادە نین گوێ لە بەڵێنی سەرکردە سیاسییەکانیان بگرن و بە قسەی ئەوان بێنە سەر شەقام و بە قسەی ئەوانیش کۆتایی بە خۆپێشاندان بێنن، مەبەست ئەوەیە تەنانەت کەسێکی وەک موقتەدا سەدریش کە هەژموونێکی زۆری لە نێو خەڵک هەبوو ئەو پێگەیەی جارانی لە نێو خۆپێشاندەران نەماوە. کاتێک موقتەدا سەدر ویستی بێتە پاڵ خۆپێشاندەرانەوە خەڵکی خۆپێشاندەران لێیان پرسی ئەی مادام لەگەڵ خەڵکە لە قوم چی دەکات.
خەڵک لەو پێوەندییە گەرم و گوڕە نیگەرانن کە لە نێوان سەرکردە سیاسییەکان و ئێراندا هەیە و لە کاتێکدا لە عێراق ئەو نەوتە زۆرە هەناردە دەکریت کەچی خەڵک ئاو نییە بیخواتەوە و سیاسەتمەدارانیش تەنیا بیر لە پێگە و دەسەڵاتی خۆیان دەکەنەوە.
شەپۆلی دووەمی خۆپێشاندانەکانی عێراق تەنیا لە دژی حکوومەتەکەیان نییە بەڵکوو لە دژی ئێرانیشە و ئەوان هێرشیان کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا و تەنانەت وێنەی ئایەتوڵا عەلی خامنەییان سووتاند. لە خۆپێشانداەکانی عێراق رۆڵ و دستی وڵاتانیش بەرچاوە بەڵام نووسەرەکە دەلێت خەریکە بە وەرزی کۆتایی دەگات.

© 2017 Hawler