تشرینی دووەم 19, 2019

عادل عەبدولمەهدی: گۆڕانکاریی گرنگ لە کابینەی وەزاری دەکەین

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا، باسی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کردووە بۆ چاکسازی و ڕایدەگەیەنێت:" وەڵامی داواکاریی خۆپیشاندەران دەدەنەوە و گۆڕانکاری گرنگ لە کابینەی وەزاریی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین هەنگاو دەگرنەبەر بۆ چاکسازییکردن لە سیستمی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆندا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە پێشتریش بەڵینی چاکسازی بە خۆپێشاندەران دابوو دووپاتی دەکاتەوە، بەرنامەی نوێیان بۆ چاکسازی هەیە و سەبارەت بە خۆپێشاندەران دەڵێت:" خۆپیشاندان فاکتەرێکی گرنگە بۆ گوشار دروستکردن و چاودێریکردنی چاکسازیی پێویست. دەشڵێت، خۆپیشاندانەکان گوشار دەخەنە سەر هێزە سیاسییەکان و حکومەت.
عادل عەبدلمەهدی، دووپاتیکردەوە، حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری بەردەوامدەبن لە بەدواداچوون بۆ بابەتی کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، هەرکەسێکیش لەوە تێوەگلابێت دەدەرێتە دادگا و بەدوای ئەوانەوەن کە هێرش و پەلاماریان بۆ سەر خۆپیشاندەران ئەنجامداوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، باس لە بڕیاری بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت دەکات لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و ڕایدەگەینێت:" ئینتەرنێت راستییەکی هاوچەرخ و مافی هەمووانە، ئامرازێکە بۆ گەیاندنی دەنگ و رای ئازاد، هەندێک کات دەسەڵات بۆ بەرگریکردن لە مافی هەمووان سنووداری دەکات، کاتێک دەبینی بەکاردەهێنرێت بۆ بەرەودان بە تووندوتیژی و رق و کینە و پیلانگێڕی بەسەر وڵات و پەکخستنی ژیانی گشتی.
سەبارەت بە بەرنامە نوێیەکەی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ڕوونکردنەوەی داوە و ڕایگەیاندووە، بڕیاری دیکەی نوێی چاکسازی دەردەکەن، لەوانە پشتبەستن بە خشتەی کەمکردنەوەی مووچەی گەورە بەرپرسان بۆ نیوە، دەستکاریکردنی پلەبەندی مووچە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، جێبەجێکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، مافی کار، خانەنشینی، یەکسانی کارکردن لە کەرتی گشتی و تایبەتی، بوونی چەک لەدەست دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران.
لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە، لە بەغدای پایتەختی عێراق و زۆربەی پارێزگاکانی تری باشوور و ناوەڕاستی عێراق، خۆپێشاندانی بەرفراوان بەڕێوەدەچن و حکومەتی عێراقیش بە جیدی لەسەر هێڵە بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و ئەنجامدانی چاکسازی.

© 2017 Hawler