تشرینی دووەم 12, 2019

فەرەنسا خوازیارە رێككەوتننامەیەك لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا واژۆ بكات

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا ڕایدەگەیەنێت، گەورەترین هەرێمی فەڕەنسا دەیەوێت رێككەوتننامەیەكی هاوكاری و دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا واژۆ بكات و، بەم زووانەش شاندێكیان سەردانی كوردستان دەكات.

د. عەلی دۆڵەمەڕی، ڕاگەیاند: "وەكو نوێنەری حكوومەتی هەرێم و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی هەرێمەكان، كە پێك هاتوون لە سەرۆكی گرووپە سیاسییەكان‌، لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی ئیل دو فرانس، كە گەورەترین هەرێمە لە وڵاتی فەڕەنسا، بەڕێز (ڤالێری پێكرێس) كۆبووینەوە‌‌" .
دۆڵەمەڕی ڕاشیگەیاند: "لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی هەرێمی ئیل دو فرانس، هاوكاری و یارمەتیدانی خۆیانی دووپات كردەوە بۆ گەلی كورد، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەیەكی هاوبەش لە نێوان هەردوو هەرێم خرایە ڕوو و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا بڕیارە شاندێكیان سەردانی هەرێمی كوردستان بكات" .
نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە فەڕەنسا گوتیشی: "هەرێمی ئیل دو فرانس دەیانەوێت رێككەوتننامەیەكی هاوكاری و دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژۆ بكەن بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان، هەر‌وەها دەخوازن هاوكاری ئاوارەكان و هەردوو قوتابخانەی فەڕەنسی و كۆلیژی زمان بن بە دابینكردنی كتێب، جگە لەوە چەند پڕۆژەیەكی تریشیان لە بەردەستە بۆ حكوومەتی هەرێم كە حكوومەت پێویستی پێی هەبێت".
ھەرێمی ئێل دو فرانس (Île-de-France )، كە دەكەوێتە باكووری ناوەڕاستی وڵاتی فەڕەنسا، لە ھەشت پارێزگا و ٢٥ قەزا و ١٥٥ ناحیە و ١٢٧٦ گوند پێك دێت و، ژمارەی دانیشتووانەكەیشی 12 ملیۆن كەسە.
KDP.info

© 2017 Hawler