تشرینی دووەم 18, 2019

وڵاتانی نزیک لە حکوومەتی عێراق یەکتر بە هۆکاری توندوتیژییەکانی عێراق تۆمەتبار دەکەن

تەنگژەی سیاسی لە عێراق لە گەڵ درێژەکێشانی خۆپێشاندانەکان و لێکەوتنەوەی توندوتیژی زیاتر قووڵتر دەبێتەوە و تەنانەت مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت هۆزەکان لە دژی هێزەەکانی تەناهی و میلیشیاکان چەک هەڵبگرن. ئەو مەترسییە دوای ئەوە زیاتر زەق بوویەوە کە هۆزەکانی کەربەلا لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە حکوومەت کرد هەرچی زووە بکوژی خۆپێشاندەرانیان رادەست بکات. لەشەوی یەکشەم لەسەر دووشەمی رابردوو خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر کونسوڵگەری ئێران لە کەربەلا و ئاگریان لە دیواری کونسوڵگەرییەکە بەردا و بەو هۆیەوەش ژمارەیەک خۆپێشاندەر کوژران.

سەرۆکی پزیشکی دادوەری عێراق رۆژی دووشەم بە فرانس پرێسی گوت چوار کەس لەو خۆپێشاندەرانە کوژراون کە هێرشیان کردبووە سەر کونسوڵگەری ئێران لە کەربەلا.
هاوکات رادیۆ فەردا لە زاری ئاسۆشێتدپرێس بڵاوی کردەوە خۆپێشاندەران لە پێوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران نیگەرانن و لە کاتێکدا خۆپێشاندەر کوژراوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشی خۆپێشاندەران بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێرانی مەحکوم کردووە.
ئەوان ئێران بە بەشێک لەو هێرش و سەرکوتکارییانەی خۆپێشاندان تۆمەتبار دەکەن و بۆیەش دروشمەکانی خۆپێشاندەران لە دژی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر بووە.
خۆپێشاندانەکانی عێراق لە شەوی دووشه‌م لە سەر سێشەمیش بەراورد بە رۆژەکانی تر توندوتیژی زیاتری پێوە دیار بوو و نافەرمانی مەدەنی و داخستنی رێگا و شەقامەکان و پردە سەرەکییەکان زیاتر بووە و تەنانەت زیانێکی زۆریش بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەیشتووە.
گوتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نوێترین بەیاننامەیدا باسی لەوە کردووە کە پردی کۆماری لە ئاکامی ئاگرتێبەردانەکان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و داوای لە خۆپێشاندەران کرد زیان بە موڵکی گشتی نەگەیەنن چونکە ئەمە ویستی خۆپێشاندەران نییە.
رۆژی سێشەمیش خۆپێشاندەران لە بەغدا بەشێک لە شەقامە سەرەکییەکانیان داخست و سێیەم رۆژە جۆری نارەزایەتییەکانیان بۆ نافەرمانی مەدەنی و هەنگاونان بۆ مانگرتنێکی گشتی دەربڕیوە.
هاوکات سکای نیوزیش بڵاوی کردەوە حکوومەتی عێراق بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری خۆپێشانداەکان دووبارە دەستی بۆ پچڕاندنی هێڵی ئەنتەرنێت کردووە و شەوی دووشەم لەسەر سێشەم بۆ چەندین سەعات هێلەکە داخرا.
خۆپێشاندەران بۆ یەکەم جار بڵاوکراوەیەکیان دەرکردووە و تەنانەت کار بۆ ئەوە دەکەن وێستگەیەکی رادیۆیی دابمەزرێنن، ئەوان دەیانەوێت لە کاتی پچڕانی هێڵی ئەنتەرنێت پێوەندییان لەگەڵ هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران نەپچڕێت و یەکتر لە بڕیار و سەرجەم رووداوەکان ئاگادار بکەنەوە.
نێت بلاک کە گرووپێکی چاودێری ئەنتەرنێت و تۆرە کۆمەڵایەتییەکانە دانی بەوە ناوە کە خێرایی ئەنتەرنێت بۆ خوارووی 19% دابەزیوە و ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی کەربەلا و بەسڕا و ناوچەکانی تری عێراق دەستیان بەئەنتەرنیت راناگا.
درێژەکێشانی خۆپێشاندانەکانی عێراق لە کاتێکدایە ئەو وڵاتانەی خۆیان بە هاوپەیمانی حکوومەتی عێراق هەژمار دەکەن و کەم تا زۆر لە عێراق هەژموونیان هەیەیەکتر بە پەرەپێدانی توندوتیژییەکان تۆمەتبار دەکەن. خۆپێشاندانێک کە لانی کەم 260 کوژراو و بە هەزاران برینداری لێ کەوتۆتەوە.
بەرپرسانی ئێران لە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بگرە تا بەرپرسانی پلە نزم، ئەمەریکا بە هۆکاری سەرەکی خۆپێشاندانەکان و لێکەوتنەوەی توندوتیژییەکان تۆمەتبار دەکەن. لە نێوخۆی عێراقیش ئەو لایەنانەی لە ئێران نزیکن هەمان هەڵویستیانهەیە و تۆمەتەکە دەخەنە پاڵ ئەمەریکا وئیسرائیل. قەیس خەزعەلی سکرتێری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق کە گرووپێکی میلیشیایی سەربە حەشدی شەعبییە و لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت گوتی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ هەندێک وڵاتی کەنداو لە پشتەوەی خۆپێشاندانەکانن.
هاوکات ئەمەریکاش پێی وایە ئەو دۆخەی تووشی عێراق بووە و توندوتیژی زیاتری لێکەوتووەتەوە هۆکارەکەی بۆ ئێران دەگەڕێتەوە. برایان هوک سەرۆکی گرووپی هەڵویست دژی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەمان تۆمەتی ئاراستەی ئێران کرد و ئاماژەی بە ناوی قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارای ئێران کرد و گوتی قاسم سلێمانی لە بەغدا چی دەکات لە کاتێکدا ئەو دەبێت لە تاران بێت.
لە لایەکی ترەوە سەرجەم کۆمپانیا ئێرانییەکان گەشتی ئاسمانی بۆ نەجەف و کەربەلایان راگرت. ماڵپەڕی شەهروەندی ئێران بڵاوی کردەوە سەرەڕای ئەوەی کە کەمتر لە 10 رۆژ ماوە تا یاری تۆپی پێ لە نێوان هەڵبژاردەی عێراق و ئێران بەڕێوە بچێت هیشتا دیار نییە ئەم یارییە لە کام شاری عێراق دەکرێت و گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیاکانی ئێران بۆ نەجەف و کەربەلاش وەستاون. پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە هاووڵاتیانی کردبوو چیتر سەردانی عێراق نەکەن.
ئەسعەد رەحمانی سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکایی کۆمپانیاکانی فڕۆکەواننی ئێران باسی لەوە کردووە کە دەستپێکردنی گەشتەکان بە دۆخی ناوخۆی عێراق گرێ دراوە.
خۆپێشاندەران رۆژ بە رۆژ لەسەر داواکارییەکانیان سوورتر دەبن و حکوومەتیش نەیتوانیوە ئاوێک بەو ئاگرە دابکات، بۆیەش داهاتووی عێراق لێڵتر دێتە بەرچاو.

© 2017 Hawler