تشرینی دووەم 16, 2019

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/10/23 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن ویلیکس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا کە جەیمس سۆرنتن کونسولی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.

باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد کە بە مەبەستی ماڵئاوایی هاتووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەرکەکانی لە عێراق کۆتایی دێت و لە دەوحەی پایتەختی قەتەر وەک باڵیۆزی نوێی بەریتانیا دەستبەکار دەبێت.

باڵیۆز ویلیکس بەسەرۆکی حکوومەتی رایگەیاند کە ”باوەڕمان بە سەرکردایەتی ئێوە هەیە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببات و ستایشی هەنگاوە چاکسازییەکانیشتان دەکەین کە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن“.

باڵیۆزی بەریتانیا هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران بەتایبەتیش کە بەهۆی گرژبوونی بارودۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە هەزارانیان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و هاوڕا بوو لە سەر ئەوەی پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی باڵیۆزی بەریتانیا، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نویێدا. ئاماژەی بە پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی دا و گوتی، ئێمە چەندین پێشنیازمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێشکەش کردووە و چاوەڕێی بەغداین بە ئەرێنی وەڵامی داخوازییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بداتەوە.

لە بارەی دۆخی سووریاش هەردوولا کۆک بوون لە سەر ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە و رەتکردنەوەی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە، چونکە گرژی و ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکەی لێدەکەوێتەوە.

© 2017 Hawler