تشرینی دووەم 16, 2019

سەفین دزەیی: راگرتنی كارەكانی رووسنەفت كاتین

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دیاریكرد کە راگرتنی كاری كۆمپانیای رووسنەفت لە بلۆكێكی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی شەڕ لە رۆژئاوای كوردستان كاتییە و دەست بەكارەكانیان دەكەنەوە. دەشڵێ، كردنەوەی هەر دەروازەیەكی نوێ دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت و باشترە لەم قۆناغەدا پەرە بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بدرێت.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەستانی كاری كۆمپانیای رووسنەفت لە بلۆكێكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كاتی ئاساییە، بەڵام ئەوان بڕیاری سەرمایەگوزاری خۆیان داوە و بەردەوامیش دەبن.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەوەشی گوت:" كردنەوەی هەر دەروازەیەكی نوێ لە هەرێمی كوردستان دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت، ئەو بابەتەی هەمیشە توركیا و ئێران باسی دەكەن كە چەندین دەروازەیەكی سنووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، ناكرێت توركیا تەنیا تەركیز لەسەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بكات بۆ ئەوەی چەندین دەروازەی هەبێت، بەڕای من ئەوە بیرۆكەیەكی زۆر ئاساییە، بەڵام لەم كاتەدا دەكرێت برەوی زیاتر بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بدرێت، چونكە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانێكی زۆری لە تۆنێلی گەلی زاخۆ كردووە بۆ ئەوەی كارئاسانی زیاتر هەبێت بۆ هاتووچۆی بازرگانی. ئەگەر ئەو دەروازەیە بكرێتەوە لەڕووی ئابوورییەوە كێشەی نییە، بەڵام لەڕووە عەمەلییەكەوە چۆن دەكرێت، چونكە لایەنێكی لەدەستی سووریادایە و ئەوەی دیكەش پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە. لەبەرئەوە هەركارێك بكرێت دەبێت پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە بكرێت و راوێژ و گفتوگۆ هەبێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا، سەفین دزەیی ئاماژە بەوە دەدات:" رەنگە ئێستا حكوومەتی عێراق نەتوانێت تەركیز لەسەر هەموو بابەتێك بكات، بەداخەوە ئەو بەرەوپێشچوونەی هەبوو نزیكبووین لە رێككەوتن لەگەڵ عێراق، بەڵام ئەو رووداوانەی لە سەرەتای مانگی دە هاتە پێش و خۆپیشاندانەكان پەیوەندی و گفتوگۆكانی سست كردووە، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دانووستاندن. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پشتیوانی تەواوی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكات و ناكرێت خۆپیشاندانەكان بەلاڕێدا ببردرێن".

© 2017 Hawler