تشرینی دووەم 16, 2019

پاش هەفتەیەک ئاسایشی سلێمانی وردەکاری ڕووداوەکەی شاخی ئه‌زمه‌ڕی خستەڕوو

لە شەوی ١٥ی ئەم مانگە، لەسەر چیای ئه‌زمه‌ڕ پاش بیستنی دەنگی تەقینەوەیەک ئەوە بڵاوکرایەوە، دوو هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە، بەڵام ئاسایشی سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکانی ئەو شارە، هیچ زانیارییەکان لەسەر ڕووداوەکە و ناسنامەی قوربانییەکان نەخستە ڕوو، بەم هۆیەوە دەنگۆی جۆراوجۆری لەسەر بڵاو بۆوە و ڕووداوەکە بە تەقینەوەی خۆکوژی خەمڵێنرا.

پاش بەدواداچوونی ڕۆژنامەی هەولێر لە ژمارەکانی پێشوو چەند میدیایەکی تر، وە داواکردنی زانیاری لەسەر ڕووداوەکە لە لایەن لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پاش تێپەڕینی هەفتەیەک لە ڕووداوەکە، دوێنێ ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوەی لەسەر ڕووداوەکە خستە ڕوو، لە ڕاگەیندراوەکەدا، ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاندووە، قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە دوو کەسن، به‌ناوه‌كانی (جه‌میل و ده‌مهات)، ئه‌ندامی باڵای په‌كه‌كه‌ بوونه‌ و له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی توركیاوه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج.
لە لایەکی ترەوە، کۆمیته‌ی پەیوەندییەکانی کەجەکە، لە راگەیندراوێکدا، ده‌ڵێ:" لە رۆژی 15-10-2019 دوو هەڤاڵمان بە ناوەکانی دەمهات عەگید (سەییدخان ئایاز) و جەمیل ئەحمەد (ئەسەر ئرماک) کە پێشتر لە شەڕدا بریندارببوو و بۆ نەخۆشی سەردانی سلێمانی کردبوو، شەهیدکران".
کەجەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەو دوو هەڤاڵەیان لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی تورکیادا لە سلێمانی ''تیرۆر کراون''
لە ڕاگەیندراوەکەیاندا، داوای ڕوونکردنەوەی زیاتر لە یەکێتی دەکەن و ڕایدەگەیەنن:" پێویستە ئەم کۆمەڵکوژییەی کە لە سلێمانی پێکهاتووە، لەسەرتادا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پاشان لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمەوە روونبکرێتەوە و ئاشکرای بکەن بۆ رای گشتی.
لە هەفتەی پێشوودا، پارێزگای سلێمانی دوو ڕووداوی تەم و مژاوی بەخۆیەوە بینی، کە تیایدا دوو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکاری دیاری ئەو شارە و منداڵەکەیان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیان تیرۆر كران و شەوی پێشتریش لەسەر چیای ئه‌زمه‌ڕ بە هۆی دوو کادری باڵای پەکەکە بوونە قوربانی، ئاسایشی سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکان کەوتنە ژێر پرسیاری ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکان.

 

© 2017 Hawler