تشرینی دووەم 19, 2019

بۆ یەكەمجار تاقیكردنەوەی ئەفسەران لە هەرێمی كوردستان بە ئەلیكترۆنی كرا

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتەكەیان لە بە ئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان لە پێشەنگدایە و دووپاتی لەوە كردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەبێت زۆربەی مامەڵەكان بكرێنە ئەلیكترۆنی، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان كەمترین زەحمەت بكێشن. لە بارەی هاتنی ئاوارە و پەنابەری نوێ لە رۆژئاوای كوردستانەوە، وەزیری ناوخۆ دیاركرد، وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لە لایەن سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە راسپێردراون، بە باشترین شێوە پێشوازییان لێ بكرێت، كە تا ئێستا نزیكەی 5 هەزاریان گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان.

وەزیری ناوخۆ لە كاتی بەسەركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەران، كە بە ئەلیكترۆنی كراوە رایگەیاند، ئێستا لە پاسپۆرتەكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی بە ئەلیكترۆنی نۆرە تۆمار دەكرێت، ئەوەش لە ماوەی 7 بۆ 10 رۆژ دەتوانرێت تۆمار بكرێت و هەندێكجار دەگاتە 3 رۆژیش. روونیشی كردەوە، پێشتر ئەو كارە نزیكەی مانگێكی دەخایاند.

بۆ یەكەمجار تاقیكردنەوەی ئەفسەران لە هەرێمی كوردستان بە ئەلیكترۆنی كرا
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی:" ئەفسەرەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی تاقی كردنەوە دەكەن، ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەكانی خۆشیان لە هەمان كاتدا دەبینن، دواتر بە بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ دەدرێتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و رێكارە یاساكانی خۆی وەردەگرێت، ئەمە خولێكی ئاسایی و پێگەیاندنی ئەفسەرانە، تاقی كردنەوەی ئەفسەران بەشێوەی ئەلیكترۆنی بڕیارێكە و لێرە بەدواوە بەردەوام دەبێت و بۆ ئێمە شتێكی نوێیە، رەنگە لە وڵاتانی دیكە نوێ نەبێت، بەڵام بۆ ئێمە شتێكی نوێیە، هەوڵدەدەین لەمەودوا خولەكان، تاقی كردنەوەكان، بەشێوەی ئەلیكترۆنی بێت، ژمارەی ئەفسەران لە 300 ئەفسەر زیاترە، بەڵام لە هەمان كاتدا بە هەمان سیستەم لە هەر سێ پارێزگاكان هەمان تاقی كردنەوە ئەنجام دەدرێت.
رێبەر ئەحمەد، ئەوەشی گوت:" وەزارەتی ناوخۆ پێشەنگە لە بە ئەلیكترۆنیكردنی كارەكانی خۆی بەتایبەتی لە دوای دەستبەركاربوونی كابینەی نوێ، لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت دەبێت هەموو خزمەتگوزارییەكان بكرێن بە ئەلیكترۆنی، ئێمە هەر زوو دەستمان بەو كارە كردووە و لە كابینەی پێشووش كارێكی باش كرا بوو لەسەر ئەو بابەتە، لەو دوو سێ مانگەدا بەرهەمی ئەو كارەمان بینیوە، لە پۆلیسی هاتوچۆ لە هەولێر، لە دهۆك و سلێمانی، لە پاسپۆرتی هەولێر و دهۆك بەرەو پێشچوونی یەكجار باش هەیە، بۆ نموونە بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت لە ماوەی دوو تا سێ مانگ زیاتریش نۆرە دەگیرا، ئێستا لە هەولێر، دهۆك و سلێمانی لە ماوەی هەفتەیەكدا تا دە رۆژ، هەندێك جار بۆ ماوەی سێ رۆژ دەتوان پاسپۆرتەكانیان وەربگرنەوە، كە بە گوێرەی لێدوانی بەڕێوەبەری هاتووچۆ، ئێستا مامەڵەكانی ساڵیانە، وەرگرتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل و نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بە 90 خوولەك تەواو دەبێت، لەكاتێكدا ئەو كارانە پێشتر چەند رۆژێكیان دەویست، هیوادارین ئەو خولەكانەش كەمتر بكرێنەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە كەمترین ماوە و ماندووبوون كارەكانی خۆی جێبەجێ بكات.
پەنابەران بە رێگەی قاچاخ و پێدانی بڕێك پارە خۆیان دەگەینە هەرێمی كوردستان
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت وەزارەتەكان ڕاسپێردراون كە هەموو ئاسانكارییەك و پێشوازییەك لە ئاوارەكان بكەن لە رۆژئاوا كە دێنە هەرێمی كوردستان، بەداخەوە لەدیوی سنوور وەكو پێویست ناتوانن بە رێگەیەكی فەرمی داخیلی ناو هەرێمی كوردستان ببن، ئێمە سنوورەكانمان كراوەیە هەموو هاوكارییەكان زیاتر لە جاران بۆ رۆژئاوا بەردەوامە، چ لە رووی مرۆیی بێت، چ لەروویی هەموو ئەو سێكتەرانە بێت كە پێویستیان پێ هەیە، لەسەر سنوور تیمان دروستكردووە لەرووی ئیداری، پزیشكی، خزمەتگوزاری، ئەمنیەوە كاری پێویست دەكرێت بۆ پێشوازی كردن لە ئاوارەكان، بەتایبەتی بە شەوان دێن، كە بە رێگەی قاچاخ دێن، وەكو هەندێك لە ئاوارەكان دەیانگوت، ناچارن هەندێك پارە بدەن تاكو لە دیوی رۆژئاوا بگەنە هەرێمی كوردستان، ئێمە هیچ رێگریەكمان نیە و فەرمانێكی روونمان هەیە لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كە پێشوازیان لێ بكەین و هەرچی پێویست بێت بۆیان دابین بكەین، بۆیە ئێمە هیچ رێگریەكمان نیە و ئاسانكارییەكان هەنە و جێگەی پرسیارە كە كێن ئەوانەی لەو دیو گرفت بۆ ئاوارەكان دروست دەكەن.

داوامان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە هاوكاری پەنابەران بكات
رێبەر ئەحمەد، جەختی لەوەش كردەوە:" هەتا ئێستا خەرجی ئاوارەكان لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، بەشێك لە رێگەی رێكخراوەكانی UN دابینكراوە، لە ماوەی رابردوو داوامان كردووە و چەند كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا هەم لەگەڵ UN، هەمیش لەگەڵ نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، لە بەرنامەی ئێمەدایە كە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ لایەنی عێراقی، چ لێرە چ لە بەغدا بێت، بۆ ئەوەی داوای هاوكاریان لێ بكەین، هەتا ئێستا چەند وڵاتێك ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ هاوكاری كردن، بەڵام پێویستی بە كاتە بۆ ئەوەی ئەو هاوكاریانە بگەن بە هەرێمی كوردستان، لێرەدا جێگەی خۆیەتی كە دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازی بارزانی بكەین كە بە رۆڵێكی زۆر چالاك هەڵدەستێت چ لێرە لە هەرێمی كوردستان، چ لە رۆژئاوای كوردستان، رۆڵێكی بەرچاویان هەیە و جێگەی دەستخۆشییە.

لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ بەغدا دەست پێ دەكەنەوە
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گوتی:" لەگەڵ بەغدا زۆر لە نزیكەوە ئاگامان لە یەكدی هەیە، لەسەر ئاستی هەر دوو سەرۆكوەزیران لە ئاستی وەزیرەكان، شاندەكان، لێكتێگەیشتنێكی زۆر باش هەیە لە نێوانمان، بەڵام بارودۆخەكە لە بەغدا هەندێك هاوكار نەبووە بەتایبەتی بەو دوایە كە خۆپیشاندان هەبوو، چاوەڕێ دەكەین لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكانمان دەست پێ بكەنەوە و دەگەینە ئەنجامی باش، ئەوەی كە گرنگە ئیرادەیەكی بەهێز لە هەرێمی كوردستان و لە بەغداش هەیە، بەتایبەتی لە ئاستی سەرۆكوەزیران كە چارەسەری كێشەكان بكەین و كێشەی هاووڵاتیان چارەسەر بكرێت".

© 2017 Hawler