تشرینی دووەم 19, 2019

١٦ی ئۆکتۆبەر خیانه‌ت و لەدەستدانی خاک و تێكدانی نێوماڵی کورد

دووساڵ تێپەڕیووە بەسەر کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو کارەساتەی کە کوردانی هەرچوار پارچە و هەموو جیهان بە تاڵترین ڕووداوی سەردەمی دەزانن و تا ئێستاش لە ژێر کاریگەری ئەوڕۆژەدا ماون و لە بیر و هزری کورداندا دیمەنی ئاوارەیی خەڵک و شەهید و بریندار بوونی دەیان کوردی سڤیل و داگیرکردنەوەی بەشێکی زۆری خاکەکەی لەپێش چاویان ون نابێت؛

١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ چی ڕوویدا؟
هەرێمی کوردستان، لە بارودۆخی دوای شەڕی داعش کە هێزەکانی پێشمەرگە پێشڕەوێکی دیاری شەڕی داعش بوون و لە پێناو تێکشکاندنی تیرۆر و پارێزگاریکردن لە خەڵک و خاکی خۆی هەزاران شەهید و برینداریدا، بڕیار بوو سنووری خۆی کە لە پێناویدا خوێنی بێ ئەژماری ڕشاندبوو، خۆی بیپارێزێت و هێزەکانی پێشمەرگە بمێننەوە و عێراقیش کە لەڕووی سەربازییەوە تێکشکابوو بەرامبەر داعش، پێویستی بە هێزەکانی پێشمەرگە هەبوو، تا دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش، لێرە و لەوێ هەڕەشە زارەکییەکانی میلیشیا نادەستووری و تائیفییەکانی عێراق دژی پێشمەرگە سەریهەڵدا، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان گوێیان بەو هەڕەشانە نەدەدا و پێشمەرگەی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی بوو بۆ هەر ئەگەرێک، بەڵام لە ئان و ساتێکدا کە هەموو کوردانی جیهان هاوسۆز و پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە بوون، کە ئەو هەڕەشانەی میلیشیاکان بوو بەڕاست و دەستیان بە جووڵەکرد، تا بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هێزەکانی پێشمەرگە بە ورەی بەرزەوە لە سەنگەرەکان ئامادەی بەرگری بوون و خەڵکانیش لە نێو شارەکانەوە پاڵپشتی خۆیان دەردەبڕی، بەڵام لە بەرەبەیان و بە بڕیارێکی تەم و مژاوی زۆربەی جێگا ستراتیژی و سەنگەرەکانی پێشەوەی میحوەری کەرکووک لە دەم و ساتێکدا سەنگەریان جێهێشت و ئەو فەرماندانەی خۆیان دەکردە خاوەنی بڕیاری کشانەوە، پاساوی هەمە جۆر و دژ بەیەکیان دەهێنایەوە و ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێر لە نێوان هەندێک سەرکردەی لایەنێکی سیاسی هەبووە لەگەڵ میلیشیا عێراقی و ئێرانییەکان، هەر ئەمەش بووە هۆی یەکەمین هەنگاوی کەوتنی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان و بێ هیچ ئەستەمێک کەرکووک داگیرکرا و به‌شێك له‌ خەڵکەکەی ئاوارە بوون.
کاریگەرییەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر
سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی جوگرافیاوە کورد بەهۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتوو، بە نزیکەیی نیوەی خاکەکەی لە دەستدا، کاریگەرییەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەر بەوە نەوەستا، بەڵکو متمانەی نێو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی کاڵکردەوە و هەموو بەهایەکی نەتەوەیی خستە ژێر پرسیارەوە، هەر لەگەڵ داگیرکردنەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان زیانێکی مرۆیی لە کورد درا و پێشێلکاری دژی مافەکانی مرۆڤ لەو ناوچانە ئەنجامدرا و سەرەنجام ئاوارەیی بەرۆکی خەڵکی کوردی سڤیلی ئەو ناوچانەی گرتەوە و هەزاران خێزان لە ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان دەربەدەر کران، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جارێکی تر کوردەکانی بە هێزی لێکترزاو و نەیاری یەکتر ناساند و ١٦ی ئۆکتۆبەریان بە دەرئەنجامی لێکترازانی نێوخۆیی هێزە کوردییەکان لە قەڵەمدا.
هەر سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چاودێرێکی سیاسی بە هەولێر دەڵێت:" لەپاڵ ئەو زەرەرە ماددی و بەرجەستەییانە شازدەی ئۆکتۆبەر بووە هۆکاری گەڕانەوە بۆ ئەو خاڵەی کە دەمێک بوو جێمان هێشت بوو کە ئەویش دوبارە خۆ گونجاندن و ڕازیبوون بوو بە قەدەرە سیایسەکانی بەغداد، هەرێمی کوردستان دەیان هەنگاوی بۆ سەربەخۆیی بڕی بوو".

پیلانەکان بەردەوامیان هەیە
لە ئێستادا دوو ساڵ بەسەر کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێپەڕیووە و عەقڵیەتی ئیداری و سەربازی لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان پێمان دەڵێت، تا ئێستاش پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەردەوامی هەیە، ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە نوێترین لێدوانیدا، دەڵێت:" پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك دەستی بە كۆمەڵێك زێدەڕۆیی كردووە بۆ سەر دەستوور و یاسا، لەوانەش داگیركردنی زەویی كورد و پێكھاتەكانی دیكە، كە دواتر بەسەر عەرەبی واستدا دابەشیان دەكات، ھاووڵاتیانی كوردیش لە گوندەكانیان دەردەكرێن بە پیلان و فەرمانی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك".
ئەوەش دەڵێت:" ھەموو ئەو گۆڕانكاریانەی ئێستا ئیدارەی كەركووك دەیانكات، پێچەوانەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقن و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەناو شۆڕشی سەردەمی رژێمی بەعس جێبەجێ دەكرێن، كە ئەمە جێگەی قبووڵكردن نییە و كورد و عێراقییەكان دەنگیان بۆ دەستوور داوە تا بڕیارەكانی بەعس جێبەجێ نەكرێن".
ئەوەی شایەنی باسە، تا ئێستا حکومەتی عێراق کار ئاسانی نەکردووە بۆ گەرانەوەی ئاوارە کوردەکان کە ئێستا لە شارەکانی تر هەرێم نیشتەجێن و سەرباری ئەوەش هیچ هەوڵێک نییە بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێدانی قەرەبوو بۆ زیانلێکەوتووان.

دبلۆماسییەتی سەرکردایەتیی کورد نەیهێشت هەرێم بەر پەراوێزی نێودەوڵەتی بکەوێت
ڕێکار مەلاحەسەن، چاودێری سیاسی، بۆ هەولێر باس لە ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەرهاوێشتەکانی دەکات و وای دەبینێت:" شازدەی ئۆکتۆبەر زەنگێکی گەورە بوو لە مێژووی بزاوتی ڕزگاریخوازیماندا بەهۆشی هێناینەوە لەهەمبەر مەترسیە دەرەکیاکانی دەور و پشتی خۆمان و پێویستی لە نان و ئاو زیاتری یەکڕیزی نیشتمانی، ڕووداوە نەویستراوەکانی شازدەی ئکتۆبەر ڕاچڵەکینێکی دیکەی سیاسیی بوو بە ئاگایی هێناین سەرجەم گەلانی ناوچەکە سەرباری هەمووجیاوزییەکانیان لەسەر دژایەتی کردنی دروستبوونی کیانێکی سیاسی تایبەت نەتەوەیی کورد کۆك و ڕێگرن، هەموویان بەیەك ئاست و تا ڕادەیی دەست بردن بۆ کۆکوژی ئامادەن، سەرجەم هێزە هەرێمایەتیەکان ئاستەنگێکی بەردەوامن بۆ پرۆسەی دەوڵەتسازی لای کوردان.
وەک شارەزایەکی بواری سیاسی، دەڵێت:" شازدەی ئکتۆبەر پێش ئەوەی ئاکتێکی سیاسی بێت بۆ شرۆڤەکردن برینێکی بەسوێیە بە جەستەی نیشتمان، ساڕێژبوونی ئاسان نیەوە پێویستی هەم بە پێداچوونەوەی پەروەردەیی هەیە، سەرەکی ترین قەڵاچۆکردنی دەرهاویشتەکانی شازدەی ئکتۆبەر دروستکردنی واقیعێکی نیشتمانییە کە زەمانەتی دووبارەنەبوونەوەی بکات. کە ئەمەش بە پێداچونەوەی پەروەردەیی نیشتمانی و دووبارە بونیاد نانەوەی تاکی کوردی دەکرێت لە هەمبەر پرسە نێشتمانیەکان و پیرۆزی و پرۆسەی دەوڵەتسازی، بەجۆرێك کە تاکی کورد لە ئاستی خۆیەوە ببێ بە دادگایەكی نێشتمانی بۆ سەرجەم ئەو هێزە سیاسیانەی لە قۆناغێك لە قۆناغەکان بە پێچەوانەی بزاوتی سەربەخۆی هەنگاو دەنێن.
هەروەها ئەوە ڕادەگەینێت، پێوسیتە دەسەڵات بدرێت بە ئەنجوومەنی نیشتیمانی هەرێم و ڕێگا نەدرێت بە ناوی سیاسەت و ڕێککەوتنەوە زیان بە ئامانجە نیشتیمانییەکانی کورد بدرێت.

 

© 2017 Hawler