تشرینی دووەم 19, 2019

پشتپەردەی بڕیارەکانی ترەمپ لەبارەی رۆژئاوای کوردستان

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئینتێلیجەنسەر
نووسینی: جۆنا شیپ

کاتێک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کرد بە کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە یەکشەممەی رابردووەوە، کە وەکو پشتکردنە هاوپەیمانە کوردەکانمان و رێگەکردنەوە بۆ هێرشی تورکیا لێکدرایەوە، مەبەستەکە ئەوە بوو هاوپەیمانانمان لەو ناوچەیە بڕوخێندرێن، بڕیارەکەی ئەو هەرزوو رووبەڕووی رەخنەی زۆر و زیانی زۆر بووەوە، رەخنەی زۆر لەسەرۆکی ئەمریکا گیرا و کەم ستایش کرا، ترەمپ لە چەند تویتێکدا بەشێوەیەک لە شێوەکان بەرگری لە بڕیارەکەی کرد لەو هەفتەیەدا، ترەمپ بڕیارەکە بە مانادار و ستراتیژی ناودەبات بۆ کشاندنەوەیان لە ناوچەیەک کە براوەی رەوشەکەی تێدا نییە، دەڵێت ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی ژیانی سەربازان و گەڕاندنەوەی پارە بۆ ئابووری ئەمریکا بووە .
مشتومڕی ئەو بڕیارەی ترەمپ خۆی لە چەند رەهەندێك بینیەوە،یەکەمیان ئەمریکا بۆ ئامانجی شەڕی داعش لە سووریا بوو، بۆ ئەوە چووە سووریا کە خەلافەتەکەی داعش تێکبشكێندرێت، کە ئەو ئامانجەش سەرەتای ئەمساڵ بەدی هات، ئەویش بە پاڵپشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات،خاڵی دووەم بەرژەوەندی راستەوخۆی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا نەبوو لەو ناوچەیە،سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت کاتی ئەوەیە ئەو ململانێیە بۆ ئەو وڵاتانە بەجێ بهێڵدرێت کە نزیکترین لەو سووریا و بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە،لەوانە تورکیا، رووسیا، ئێران، وڵاتانی ئەوروپاش، خاڵی سێیەم نەدەبوو هەرگیز ئەمریکا لەو شەڕە بێ کۆتاییە تێوە بگلێت و ببێتە یەکەمین وڵات لەو ململانێیە،هیچ هیوایەک نەبوو بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەو ناوچەیە و سیناریۆی سەرکەوتنیش بۆ ئێمە لە روانین دوور بوو،بۆیە ترەمپ دەڵیت کاتی ئەوەیە پارە و کاتی خۆمان بە فیڕۆ بدەین.
بە ڕوانین لەو تویتەی ترەمپ هەفتەی رابردوو کە گوتی:" ئێمە لە کوێ بەرژەوەندیمان هەبێت لەوێ شەڕ دەکەین،تەنیا شەڕ بۆ بردنەوە دەکەین، ئەوە رێک ئەو سیاسەتەیە ترەمپ لەگەڵ جیهانی دەرەوە جێبەجێی دەکات لەوەتەی بووەتە سەرۆک،ئەمریکا بەهێزترین وڵاتی جیهانە، هیچ بژاردەی ناچاری بۆ لایەنە لاوازترەکانی لە خۆی دانەناوە، ناشبێت هیچ شتێک بۆ بەرژەوەندی ئەوان بکات،بە چاو پۆشین لە پەیماننامەکان و پەیوەندی لەمێژینە لەگەڵتان، بەگوێرەی بۆچوونی ترەمپ نابێت ئەمریکا لە هیچ شەڕێکی دەرەکی تێوە بگلێت لەکاتێکدا پێشتر ئەوە کراوە، ئەمەش لەبەرئەوەی ئێمە لەو دۆخانەدا ئەنجا‌مێکمان وەرگرتووە و بەدەستهاتوون، یان دۆستی وەکو سعودیە پارەی داوە بۆ هاوکاریمان.
بە سەیرکردنی ئەو خاڵانە،ترەمپ بە شێوەیەکی موتڵەق هەڵە نییە، ئەمریکا بە قووڵی لە کۆمەڵێک شەڕ تێوە گلاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ چەندین دەیە دەبێت لەو شەڕانە بەشدارە و ئێستا کەمی هەیە بۆ ئەوەی تێیدا بەردەوام بێت، هەوڵی شکستخواردووی ئێمە لە دروستکردنی وڵاتانی وەکو ئەفغانستان و عێراق، بووە هۆی دروستکبوونی کێشە و تووندوتیژی تائیفی و سەرهەڵدانی گرووپی رادیکاڵی ئیسلامی لەو وڵاتانەدا، رەنگە چەکدارانی داعش توانای هێرشی گەورەی تیرۆرستیان نەبێت لە ناوخۆی ئەمریکادا،بۆیە ئاسایشی نیشتمانی ئێمە ئێستا بە ئاراستەی دروست دا دەڕوات، پێشکەوتنەکانیش باش بوون .
بەڵام سەرەڕای ئەوەش،بڕیاری ترەمپ بە کشانەوەی سەربازانمان لە سووریا،رەنگدانەوەی مۆڕاڵ و ستراتیژی ترەمپ خۆیەتی،تەنانەت وەکو کەسێکی دوور لە لۆژیکی سیاسی و کارەکتەرێکی بێ پلان، ترەمپ دوای گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەردۆغان ئەو فەرمانەی دەرکرد،کە بووە رێگەکردنەوە لەبەردەم تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە، بەدەستەوە گرتنی ئاسایشی ناوچەکە و مەلەفی چەکدارە داعشە دەستگیرکراوەکان کە چەند ساڵێكە لەلایەن کوردەکانەوە دەستگیرکراون،وەکو ئەوەی کە هەمیشە لەبارەی فەرمانڕوا سەرکوتکارەکان کردوویەتی، ترەمپ ئەردۆغانی خستە هەڵوێستێک بەوەی کە مەبەستی ئەو لە سووریا کە کارکردن لە دەرەوەی ئەو سنوورەی بۆی دانراوە دەبێت زیاتر ناسەقامگیری لە سووریا،رەوشێکی مرۆیی واش دروست دەکات کە زۆر خراپترە لە ئێستا .
بەدڵنیاییشەوە لێکەوتەکانی ئەو جەنگە تاوەکو ئێستا کارەساتبارن، ئامانجی ئەردۆغان لە باکووری سووریا،لەوە دەرچووە کە پێشتر لەسەری رێککەوتبێ، تۆپخانەکانی تورکیا نزیکی سەربازگەی ئەمریکایان تۆپباران کرد و گرووپە تائیفیە چەکدارەکانی پاڵپشتیکاریش لەلایەن تورکیا بوونەتە مەترسی لەسەر سەربازانی ئەمریکا، دۆخەکە بەجۆرێک کەوتووەتە سەر ترەمپ کە بڕیاری کشانەوەی هەزار سەربازی داوە لە سووریا، هاوپەیمانە کوردەکانی ئێمەش لە رۆژهەڵاتی سووریا، چوونە بەرەی ئێران، رووسیا، رژێمی سووریا بۆ رێگری و بەرگری دژی هێرشەکەی تورکیا،سەدان چەکداری داعش لە گرتووخانەکان هەڵاتن، کە پێشتر لە گرتووخانەکانی هەسەدە دەستبەسەرکرابوون،هەروەها ژمارەیەکیشیان لەلایەن ئەمریکاوە گوازرانەوە، لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بە هەمان شێوەی داعش لە تاوانەکان تێوەگلاون .
ئیدارەی ترەمپ ئێستا هەڕەشەی سزادانی تورکیا دەکا،ئەگەر سنوور و هێڵی سوور لە ئۆپەراسیۆنەکەی ببەزێنێت، بەڵام پێدەچێت ئەردۆغان باکی بەوە نەبێت، بیرۆکەی ئەوەی کە ئەردۆغان لە سووریا ئاماجیەتی تەنیا مەترسی لە سنوورەکانی تورکیا دووربخاتەوە ناچێتە هزری هیچ کەسێكی هۆشمەند، ئایا ترەمپ رووی لە هەنگاوەکانی تورکیا لە سووریا وەرگێڕا، یان بە ڕاستی بەلایەوە گرنگ نییە چی روودەدات ؟
ئەو بەڵگە و راستیانەی سەرەوە دەمانگەیەننە ئەوەی کە ئەگەر بڕیاری ترەمپ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بووبێت، بۆ تورکیا،ئەوە بەشێک نەبووە لە سیاسەتێکی گەندەڵانە لەگەڵ ترەمپ کە ترەمپ خاوەنی بازرگانی کەسی بێت لەگەڵ تورکیا، بۆیە دەبێت پەنجە بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان درێژ بکەین کە بۆچی هیچ کاریگەریان نەبوو، بەتایبەت کە دوو رۆژ لەمەوبەر ترەمپ لە تویتێکدا گوتی:" بە خێرایی ٪١٠٠ـی خاکی ژێردەستی داعشمان کۆنتڕۆڵکردەوە، هەزاران چەکدارمان بە دیل گرتن، زۆربەیان لە ئەوروپاوە هاتبوون، بەڵام ئەوروپا نایەوێت بیان گەڕێنێتەوە، پێیان گوتین لای خۆتان بیان پارێزن، من گوتم نا، ئێمە کاری زۆرباشمان کرد بۆ ئێوە، ئێستاش دەڵێن دەبێت ئەو چەکدارانە لە زیندانییەکانی ئەمریکا بن، کە خەرجیان زۆر زۆرە، گوتم کەواتە ئێوە دادگاییان بکەن، دووبارە گوتیان نا، وا بیر دەکەنەوە کە ئەمریکا بەردەوامە دابینی خەرجی ناتۆ بگرێتە ئەستۆ، لە هەموو شتێک روودەکەنە ئێمە." رۆژی شەممە لە تویتەر بە هەمان شێوە رایگەیاند :" چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش هەرگیز رێگەیان پێنادرێت بێنە ناو ئەمریکا".
باشترین دەرخەری بەکارهێنانی ئەو زمانەی ترەمپ ئەوەیە کە بە بڕیاری کشانەوەی لە سووریا، چارەنووسی هەزاران چەکداری رادەستی تورکیا کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئەوروپا رەتی کردەوە وەریان بگرێت،ترەمپ دەڵێت نابێت ئەوروپییەکان وا بیر بکەنەوە کە ئەمریکا هەموو شتێک لەو کێشانە لە ئەستۆی خۆی دەگرێت، ئەو پێی وایە ئەگەر ئەوروپییەکان حەز بەوە ناکەن کە تورکیا و کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ دیلە دەستگیرکراوەکان دەکەن، کەواتە بابچن خۆیان ئاگاداری ئەو دەستگیرکراوانە بن، ئەگەریش چەکدارە بەرەڵابووەکانی داعش هێرش ئەنجام بدەن، ئەوا بێ گومان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان ئەوروپا دەیکەن، نەک ئەمریکا،بۆیە ترەمپ پێی وایە ئەوە کێشەی ئێمە نییە،بۆیە سیاسەتی ترەمپ جارێکی دیکە ئەوە دووپات دەکاتەوە، ئەمریکا پێویست ناکات خەریکی کاری خەڵکی دیکە بێت، دەبێت مژولی کارەکانی خۆی بێت .
ئەوە بێ گومان، کورت بینیە لە سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی، کە بوونەتە بەشێک لە ململانێ ناپێویستیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵا جارێکی دیکە رەخنەگرانی ترەمپ دەڵێن بڕیارەکەی رێگە خۆش دەکات بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش، بەڵام ترەمپ پێی وایە ئەوە بە لای ئەمریکا گرنگ نییە،چونکە مەترسی ئاسایشی بۆ ئەمریکا دروست ناکات، لە تویتێکیشیدا ئەوەی گوت کە ٧ هەزار میل لەو ناوچەیە دوورین کە داعشی تێدا شكێندرا، ئەوان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن لێمان نزیک ببنەوە.
بەڵام لەگەل ئەوەش ئەگەر ئەمریکا پێی وایە نابێت بەشێک بێت لە ململانێ و توندوتیژیە تائیفیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،زوو بە زوو چەکدارانی داعش دەبنەوە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە دەرەوە، ئەگەر نەتوانن ئەوە لە خاکی ئەمریکا بکەن، بۆیە ئەو کات دووبارە ئیدارەی ترەمپ یان ئیدارەی دیکە ناچار دەبن سەرباز بنێرنەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تێکشکاندنی جیلێکی دیکەی داعش، ئەوەش دەبێتە هۆی رژانی خوێنی زیاتری ئەمریکیەکان و بەهەدەر رۆیشتنی پارەیەکی زۆر، دەشمان گەڕێنێتەوە هەمان پێگەی ئێستا، تراومایەکی بۆ وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر ئەمریکا دروست دەکات،بۆیە رەنگە ئەوەی ترەمپ دەیکات تەنیا خولاندنەوەی ئەو بازنەیە بێت

 

© 2017 Hawler