تشرینی دووەم 19, 2019

بڕیاری دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا درا

یەكێك لە بڕیارە گرنگ و پێویستییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هاووڵاتیان چاوەرێیان دەكرد دابەشكردنی نەوتی سپی بوو، سەرۆكی حكوومەت ئەو بڕیارەی دا و بڕیار وایە لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیانی كوردستاندا بكرێت، كە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش دەكرێت.

هەرێمی كوردستان پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، تا بەسەر هاووڵاتییانی شارو شارۆچكە و گوند و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دابەشی بكات.
حاجی خدر، هاووڵاتیەكی سنووری سۆرانە بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" بە دابەشكردنی نەوت، نرخی نەوت لە بازاڕ هەرزان دەبێت، ئەو كات دەتوانین لەگەڵ ئەو بەرمیل نەوتەی كە وەردەگرین سێ بەرمیل نەوتی دیكە بكڕین و بە زستان خۆمان پێ گەرم بكەینەوە و توشی كێشە نەبین.
بەدرخان موسا، هاووڵاتیەكی ناوچە شاخاوییەكانە بۆ " هەولێر" دیاركرد:" ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 130 تا 140 هەزار دینارە، خەڵك چاوەڕی دابەشكردنی نەوت دەكات، چونكە ئێستا نرخی زۆر گرانە و هەموو خەڵك لە توانایدا نیە بكڕێت، بۆیە داوا دەكەین حكوومەت نەوت بەسەر ئێمەدا دابەش بكات.
هاشم خەلیل، هاووڵاتیەكی دیكەیە بۆ "هەولێر" گوتی:" دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكات، ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین و داوا دەكەین هەر چی زووە ئەو بڕە نەوتەمان پێ بدرێت، ڕاستە بڕەكە كەمە و ئێمە لە ناوچە شاخاوییەكان بۆ خۆ گەرمكردنەوە پێویستمان بە 5 تا 6 بەرمیل نەوت هەیە، بەڵام ئەو بڕیارەی حكوومەت كاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت و نرخی نەوت دادەبەزێت، ئەوەش وا دەكات كە بتوانین ئەو بڕە نەوتەی كە پێویستمان پێ هەیە بۆ خۆمان دابین بكەین.
محەمەد رەسول، كە لەناو بازاری سۆران خەریكی فرۆشتنی نەوت بوو، بۆ "هەولێر" دەڵێ:" دوو جۆر نەوتمان هەیە، نەوتی بەغدا و نەوتی كەركووك، بەڵام نەوتی بەغدا كواڵێتیەكەی زۆر باشترە، هەر ئەوەش وای كردووە كە لە بازاڕ نرخی گرانتر بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هاووڵاتیان نەوتی بەغدا دەكڕن.
دەشڵێ:" رۆژ بۆ رۆژ خواستی هاووڵاتیان لەسەر كڕینی نەوت زیاتر دەبێت و رۆژانە 10 تا 20 بەرمیل نەوت دەفرۆشم، كە ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی كەركووك بە 120 تا 125 هەزار دینارە و نەوتی بەغدا یەك بەرمیل نەوت بە 130 تا 140 هەزار دینارە.
ئەو نەوت فرۆشە روونیشیكردەوە:" هەندێك لە هاووڵاتیان تەنیا دێن نرخەكەی دەپرسن و لە توانایاندا نیە نەوت بكڕن، چاوەڕێی حكوومەت دەكەن بۆ ئەوەی نەوتیان بەسەردا دابەش بكات، بە دابەشكردنی نەوتیش نرخی نەوت هەرزان دەبێت، بەوەش هاووڵاتیان دەتوانن نەوت بكڕن.
ئاری كاكەشین، بەرپرسی سووتەمەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ:"حكوومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێر لە هەوڵی جددی دان، بۆ ئەوەی بتوانن بڕی پێویست نەوت بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن، هەوڵدەدەین لەو مانگەدا نەوت بەسەر هاووڵاتیان دابەش بكەین، ئەو بڕەی كە دەگاتە دەستمان یەكەمجار لە ناوچە شاخاوییەكان دەست پێ دەكەین، چونكە ئەو ناوچانە زووتر باران و بەفری لێ دەبارێت.
جەختی لەوەشكردەوە:" پارێزگای هەولێر پێویستی بە 100 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، بۆ ئەوەی هەر خێزانێك بڕی یەك بەرمیل نەوت وەربگرێت".

© 2017 Hawler