تشرینی یەکەم 17, 2019

نێچیرڤان بارزانى: بۆ ڕاگرتنى شەڕ لە هەوڵى بەردەوامداین

لە پەیامێکدا دەربارەى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ڕۆژهەڵاتى فورات لە سووریا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان وێڕاى دەربڕینى دڵگرانى و نیگەرانى، داواى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەنجومەنى ئاسایش کرد ڕۆڵى خۆیان بۆ ڕاگرتنى شەڕ و گێڕانەوەى ئاشتى بگێڕن، هەروەها ڕایگەیاند کە ئامادەى هەموو نێوانگیرى و هاوکارییەکە بۆ ڕاگرتنى شەڕ، بۆ ئەم مەبەستەش لە هەوڵى بەردەوامدایە.

دەقى پەیامەکە:

هەر لە سەرەتاوە بە وردى چاودێریى دۆخەکە دەکەین و بە دڵگرانى و نیگەرانییەکى قووڵەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ڕۆژهەڵاتى فورات لە سووریا دەڕوانین بەتایبەتى کە گرووپە توندڕەوەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا تیایدا بەشدارن. شەڕ، دەرگا بە سەر کوشتار و دەربەدەرى و ئاوارەبوونى خەڵکى سڤیل و دروستبوونى ناسەقامگیرى لە تەواوى ناوچەکەدا دەکاتەوە و هەڕەشە و مەترسیى سەرهەڵدانەوەى تیرۆریش جددیتر و گەورەتر دەکات.

ئێمە کە لە هەرێمی كوردستان و عێراق قوربانییەكی زۆرمان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر داوە و مەینەتییەکانى شەڕمان بینیوە، زۆر بە نیگەرانى و هەستیارییەوە لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و تێکچوونى ئاسایش و نەمانى سەقامگیرى دەڕوانین کە دەرەنجامى چاوەڕواننەکراو و مەترسیدارى بۆ ناوچەکە و جیهان لێ دەکەوێـتەوە، بۆیە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵى بەردەوامداین و بۆ هەموو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین.

شەڕ و پێکدادان تەنیا ئاڵۆزى و پشێوى و مەترسی لە ناوچەکە زیاد دەکات، دەسکەوتەکانى تێکشکاندنى داعش لەناو دەبات و لە بەرژەوەندیى هیچ لایەنێکدا نابێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەنجومەنى ئاسایش دەکەین چارەسەرێکى دادپەروەرانە بۆ ئایندەى سووریا بدۆزێتەوە بە جۆرێک مافى هەموو پێکهاتەکانى تیادا پارێزراو بێت و بە جددى ڕۆڵى خۆى بۆ ڕاگرتنى شەڕ و گەڕانەوەى سەقامگیرى و پاراستنى ئاشتى و دیالۆگ و ڕێگەچارەى سیاسى بگێڕێت و ڕێگە نەدرێت خەڵکى سڤیل دەربەدەر و ئاوارە ببن.

نێچیرڤان بارزانى

سەرۆکى هەرێمى کوردستان

10/10/2019

 

© 2017 Hawler