کانونی یەکەم 07, 2019

هێمن هه‌ورامی: گه‌لی كوردستان شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ گه‌لێكی ئاشتیخوازه‌

به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/10/9، به‌ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی پەرلەمانی کوردستان و سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان و جێگره‌كه‌ى، له‌ هۆڵی په‌ناگیرى له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان كۆنفڕانسی لوتكه‌ى ئاشتیی جیهانی له‌ كوردستان بەنوێنەرایەتیی ٣٥ وڵاتی دونیا لەسه‌ر ئاستی سەرکردەی گەنجی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تای كۆنفڕانسه‌كه‌ كه ‌بۆ یەکەمجاره‌ کۆنفڕانسیکی لەوشێوەیە لەهه‌رێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت، به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، دواتر هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كردو تیایدا خۆشحاڵیی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستانى به‌میوانداریكردنى ئه‌و كۆنفڕانسه‌ نیشانداو رایگه‌یاند: "خۆشحاڵین كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مان میواندارییه‌كی گرنگ بۆ لوتكه‌ی ئاشتیی جیهانی ئه‌كه‌ین كه‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نج له‌ چه‌ندین وڵاتی جیاجیاوه‌ پێی هه‌ڵساون، پێش چوار مانگ چه‌ند كوڕ و كچێكی گه‌نجی هه‌رێمی كوردستان هاتنه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و داوایانكرد كه‌ ئه‌وانیش ئه‌یانه‌وێ وه‌كو كوڕان و كچانی كوردستان بانگهێشتی كۆمه‌ڵێك له‌ ئاشتیخوازانی جیهان بكه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ كوڕان و كچانی ئاشتیخوازى چه‌ندین وڵاتی جیهانی و داوای ئه‌وه‌یان كرد كه‌ ده‌رفه‌تییان بۆ بڕه‌خسێندرێ تا له‌ ته‌لاری په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و چالاكییه‌ ئه‌نجام بده‌ن و هاوكاریان بین و سپۆنسه‌ریان بكه‌ین، ئێمه‌ش پێمان گووتن په‌رله‌مانى كوردستان له‌ خولی پێنجه‌م ماڵی هه‌موو تاكێكی كوردستان ئه‌بێت".

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان پاڵپشتی و پشتیوانیی ته‌واوی خۆی بۆ نیشاندان هه‌م له‌بانگهێشتكردنی میوانه‌كان و هه‌م بۆ ره‌خساندنی شوێن و میوانداریكردنی ئه‌و به‌ڕێزانه‌شی كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ن.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان ستایشی كارو چالاكییه‌كانی رێكخراوی لوتكه‌ى ئاشتیی جیهانیی كرد كه‌ له‌ 150 وڵاتدا كارو چالاكییان ئه‌نجام داوه‌و میوانداریكردنی په‌رله‌مانی كوردستانی بۆ ئه‌و كۆنفرانسه‌ به‌شانازی بۆ په‌رله‌مان زانی، هه‌روه‌ها باسی له‌ پێكهاته‌ی هه‌رێمی كوردستان كردو رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێكهاته‌كانی ئه‌و هه‌رێمه‌و وه‌كو گه‌لی كوردستان گه‌لێكی ئاشتیخوازبووین به‌ ته‌واوی پێكهاته‌كانه‌وه‌و هیچ كاتێك زوڵم و زۆرو توندوتیژییه‌كانی رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان، توندوتیژییه‌كانی ئایدۆلۆجییه‌ تاریكپه‌رسته‌كان هه‌رێمی كوردستان و گه‌له‌كه‌یان رانه‌كێشاوه‌ تا به‌هه‌مان میكانیزمى توندوتیژیی ئه‌وان وه‌ڵامی ناحه‌قییه‌كانیان بدرێته‌وه‌".


گووتیشی: "گه‌لی كوردستان شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ گه‌لێكی ئاشتیخوازه‌و رێبازی سیاسیی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ى خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی و ئاشتیخوازی بووه‌، وه‌ڵامی ئێمه‌ش هه‌ڵقووڵاوی فه‌رهه‌نگ و كلتوورى ئاشتیخوازانه‌ى خه‌ڵكی كوردستانه‌ واته‌ فه‌رهه‌نگێك نییه‌ سیاسییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتداران دروستیان كردبێت فه‌رهه‌نگێكه‌ له‌ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ هه‌ڵقووڵاوه‌".

هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان گووتیشی: "هەرێمی كوردستان كار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و پێكەوە ژیان دەكات لەناوچەكەو بوونی ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەری وڵاتان و چەندەها كۆمپانیاو ئەنجامدانی كارو پڕۆژەكانیان هێمایەكە بۆ سەقامیریی هەرێمی كوردستان و نیشاندانی نیەتی ئاشتیخوازانه‌یه‌تی لەگەڵ وڵاتانی دونیادا".
هه‌ر له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا میدالیای ئاشتی و رێزلێنان به‌خشرایه‌ هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ژماره‌یه‌كى زۆرى به‌شداربووانی كۆنفڕانسه‌كه‌.

© 2017 Hawler