کانونی یەکەم 13, 2019

"خۆپیشاندانەكانی عێراق كاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا نابێت"

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، پشتگیری لە خەڵك دەكەین كە بە ئاشتیانە داوای مافی خۆیان بكەن، لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندانەكان كاریگەریان لەسەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا نابێت، بەڵام گفتوگۆییەكان كەمێك دوا دەكەون، تاكو بارودۆخی عێراق باش دەبێت، ئەو كات دەست بە گفتوگۆیەكان دەكەنەوە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان.

د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ "هەولێر" دیاركرد:" خۆپیشاندانەكان چاوەڕوان كراوبوون، گەندەڵی هەیە، پرۆژەی خزمەتگوزاری نیە، چاوەڕوان كراوبوو كە خەڵك خۆپیشاندان بكات و داوای مافەكانی خۆیان بكەن، ئێمەش وەكو كورد پشتگیری لە خۆپیشاندانەكان دەكەین كە بە ئاشتیانە داوای مافەكانی خۆیان بكەن، لە هەمان كاتیشدا دەبێت ئێمە وەكو كورد یەكڕیز و یەكگرتوو و بین و وتارێكی یەكگرتوومان هەبێت.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران گوتیشی:" خۆپیشاندانەكان كاریگەریان لەسەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا نابێت، بەڵام گفتوگۆییەكان كەمێك دوا دەكەون، تاكو بارودۆخی عێراق باش دەبێت، ئەو كات دەست بە گفتوگۆیەكان دەكەن بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان.
نەجاڕ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" هەندێك لایەن داوا دەكەن حكوومەت بڕووخێت، بەڵام ئەوە چارەسەر نیە، بەڵكو ئەوە وا دەكات كە كێشەكان زیاتر ببن، چونكە ئەو گەندەڵیەی كە لە عێراق هەیە، هی ئەمڕۆ نیە، بەڵكو ئەوە بۆ 15 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، واتە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس خزمەتگوزاری پێشكەش بەو وڵاتە نەكراوە، بێ كاری هەیە، كارەبا و ئاو نیە، گەندەڵی هەیە، ئەوە باڵی بەسەر عێراقدا گرتووە، عادل عەبدولمەهدی ناتوانێت بە ساڵێك هەموو ئەو كێشانە چارەسەر بكات، نەك ئەو كابینەیە، بەڵكو كەسێكی دیكەش بێت و دەنگی پێ بدەن ناتوانێت بە ساڵێك گەندەڵی 16 ساڵ چارەسەر بكات، پێویستی بە بەرنامە هەیە، پێویستی بە كات هەیە، پێویستی بە پشتگیری هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات".

© 2017 Hawler