کانونی یەکەم 13, 2019

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هێزی پێشمەرگە رۆڵی هەرە سەرەکیی هەبووە لە ئازادکردنی ناوچەکانی پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەییەکان

پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام یەکێک بووە کە لەلایەن رێکخراوە بیانییەکان، کۆمیسیونی ئەمریکی بۆ ئازادییە ئایینییەکان (USCIRF) ساڵانە راپۆرتی خۆی لەم بارەوە بڵاودەکاتەوە، لە دوایین راپۆرتیدا کۆمیسیۆنی ناوبراو تیشکی خستۆتە سەر پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی ئەرێنی باس لە رۆڵ و چالاکیەکانی حکومەتی هەرێم دەکات لە پێشوازی کردن لە راگوێزراوان و وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ راگوێزراوان لە پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییەکان وەسفی دەکات، هەروەها ستایشی حکومەتی هەرێمی کردووە لە درووستکردنی کڵێسا و مەزارگە و قوتابخانەی تایبەت بە کەمایەتییەکان.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: حکومەتی هەرێم پێشوازی لە دوایین راپۆرتی ساڵانەی کۆمیسیونی ئەمریکی بۆ ئازادییە ئایینییەکان (USCIRF) دەکات، چونکە دوای هێرشی تیرۆریستەکان داعش ئەو ناوچە کوردستانیانەی کە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک کریستیان، ئێزیدی، کاکەیی و شەبەک تێیدا نیشتەجێن کرایە ئامانجی سەرەکی، بەسەدان هەزار هاووڵاتی دانیشتووی ئەم ناوچانە ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبێ جیاوازی بەرگری لەو ئاوارانە کرد و رۆڵی هەرە سەرەکیی هەبوو لە ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە و لەم پێناوەدا گیانی سەدان پێشمەرگە بوونە قوربانی. ئەمەش نیشانەی بەهێزی و پتەویی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمە بەبێ جیاوازی، هەروەها سەدان ساڵە پێکهاتەکان لە هەرێم کوردستان دەژین و لە مافەکانیان پارێزراوە و وەک گشت دانیشتوانی هەرێم ئەرک و مافەکانیان دیاریکراوە، تەنانەت لە زۆر رووەوە ئایین و نەتەوە و مەزهەبیشیان لەبەرچاو گیراوە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بەشداریی پێکهاتەکان لە کایەکانی حوکمڕانی لە هەرێم و وتی: لە رووی سیاسییەوە لە ساڵی (2005) ژمارەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بە (٥) کورسییەوە زیادکرا بۆ (١١) کورسی بەم شێوەیە: (٥) کورسی بۆ تورکمان و (٥) کورسی بۆ کلدان، ئاشوری و سریان و (١) کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی هەرێمی کوردستانە بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، لەم رووەوە بەردەوام لە کابینەکانی حکومەتی هەرێم پێکهاتەکان بوونیان هەبووە، تەنانەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی دوو کەس لە کریستیان و تورکمان پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، هەروەها لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێم ئافرەتێک لە پێکهاتەی تورکمان سکرتێری پەرلەمانە، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێم و بەشداری پێکردنیانە لە ژیانی سیاسی.
لەلایەنی یاساییشەوە پێکهاتەکان مافیان پارێزراوە لەم رووەوە رێکخەری راسپاردە نێودەڵەتییەکان وتی: چەندین یاسا کاریان پێدەکرێت لە هەرێمی کوردستان بۆ نموونە: یاسای ژمارە (47)ی ساڵی 1992 تایبەت بە پشووی فەرمی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێم، لە ساڵی (٢٠٠٧) پەرلەمانی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی گۆڕی بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی، یاسای (زمانە فەرمییەکان ژمارە ٦ لە ساڵی 2014)، یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی (2015) یاسای (پاراستنی مافی پێکهاتەکان)، لەم یاسایەدا مافی گشت پێکهاتەکان لە هەرێم پارێزراوە وەک پێکهاتە نەتەوەییەکانی (تورکمان، کلدوئاشووری، سریانی و ئەرمەن) و پێکهاتە و کۆمەڵە تائیفی و ئایینییەکانی وەک (کریستیان، ئێزیدی، صابئەی مەندائی، کاکەیی، زەردەشتییەکان)، لە رێکەوتی 9/7/2017 لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینەکان دامەزراوە سەرەڕای بوونی بەڕێوەبەرایەتی پێکهاتەکان کە هەشت ئایین لە خۆ دەگرێت.
پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە لایەنی پەروەردە و خوێندنی باڵاش گرنگی پێدراوە لەلایەن حکومەتی هەرێم لەم رووەوە دیندار زێباری وتی: بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و خوێندنی تورکمانی و سریانی لە وەزارەتەکانی رۆشنبیری و لاوان و پەروەردە دامەزراوە بۆ ئەم مەبەستەش خوێندن بە زمانی تورکمانی و سریانی دەخوێندرێت لە دەیان قوتابخانەی هەرێم، هەروەها ده‌ستەیە‌كی تایبه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی دهۆك سه‌رپه‌رشتی خوێندنی ئایینی ئێزیدی ده‌كات و لە ساڵی 1999ەوە تا ئێستا لەو ناوچانەی كە ئێزیدییەكان تێیدا زۆرینەن وانەی ئێزیدیاتی دەخوێندرێت لە قۆناغی یەك تا دوازدەی بنەڕەتی، لەلایەکی دیکەوە قوتابیانی پێکهاتەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بەبێ جیاوازی وەردەگیرێن، ورێگا بە سەدان قوتابی ئاوارە و پەنابەر دراوە کە درێژە بە خوێندن بدەن، زانکۆی کاسۆلیکیش کە بە فەرمانی راستەوخۆی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دامەزراوە تێیدا قوتابیان فەلسەفەی لاهوت دەخوێنن، هەروەها لە ساڵی 2006ەوە پەیمانگای شەمعون صەفا گواستراوەتە هەولێر و ئێستاش بەردەوامە.
سەبارەت بە رزگارکردنی رفێندراوەکانی دەست داعش زێباری وتی: نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو لیژنەی دامەزراندووە بۆ رزگارکردنی ئێزیدییە رفێندراوەکان و لیژنەی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان، کارەکانی ئەم دوو لیژنەیە بەردەوامە و لەم رووەوە هەزاران رفێندراو ئازادکراون، لەلایەکی دیکەوە بە سەدان دۆسییە ئامادە کراوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی کۆمەڵکوژی ئیزیدییەکان و بڕیار وایە ژمارەیەک گۆڕ بە هاوکاری لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتیحادی هەڵ بدرێنەوە. بە هەوڵ و کۆششەکانی حکومەت تاکو رۆژی 8/9/2019 ژمارەیەکی زۆریان رزگار کران بەم شێوەیە (3515) کەس لەوانە (1192) ئافرەت و(339)پیاو، (1036)منداڵ کچ و (935) منداڵی کوڕ، لەلایەکی دیکەوە لە دوای ئازاد کردنی ئەو ناوچانە لە دەست تیرۆریستانی داعش (٧١) گۆڕی بە کۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاك لەو ناوچانە دۆزراوەنەتەوە كە لە دەست داعش رزگار كراون كە بەشی هەرەزۆری قوربانییەكانی كوردانی ئێزیدی بوون. پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بەردەوامە، لەلایەكی دیكەوە داعش تەنیا بە كوشتن و رفاندن نەوەستا، بەڵكو چەندین مەزار و شوێنە ئایینەكانی ئێزیدی و كریستیانیان تەقاندەوە لەوانە لە كۆی (٣١٥) مەزار و شوێنە ئایینەكانی تایبەت بە ئێزیدییەكان هەبوو، بەڵام داعش (٦٨)یانی تەقاندەوە و خاپووری كردن، ئەمە جگە لە دەیان مەزار و شوێنی ئایینی ئێزیدییەكان پێڕەوانی ئایین و مەزهەبەكانی دیكە وەك كریستیان و كاكەییەكان.

 

© 2017 Hawler