کانونی یەکەم 13, 2019

نوری بریمۆ: داوا لە سەركردایەتیی هەرێمی کوردستان دەكەین بە هانای خەڵكی رۆژئاواوە بێن

نوری بریمۆ، ئەندامی سەركردایەتی پەدەكەسە لە دیدارێكدا لەگەڵ " هەولێر" رایگەیاند، كێشەی كورد كێشەیەكی سیاسییە و دەبێت بە دیالۆك و سیاسەت چارەسەر بكرێت، بە شەڕ كێشە چارەسەر نابێت، بۆیە هیوادارین ئەوەی لە عەفرین روویدا لە سەرێ كانیێ و گرێ سپی دووبارە نەبێتەوە، سەرۆك بارزانی بە دەیان جار رایگەیاندووە كێشەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بە دیالۆك و گفتوگۆ نەبێت چارەسەر نابێت، دەبوایە پەیەدە ئەو دەرفتەی لە دەست نەدابایە، ئێستاش كات ماوە ئەگەر پەیەدە بۆ دیالۆك و گفتوگۆ بگەڕێتەوە. دەشڵێ، ئەگەر پەیەدە پێگری بە رێككەوتنەكانی هەولێر و دهۆك كردبایە ئێستا رەوشی رۆژئاوا بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت، داوا لە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەكەین بە هانای خەڵكی رۆژئاواوە بێن و ئێمە لە شەڕ دوور بخەنەوە.

* دۆخی رۆژئاوا بۆ بە ئەمڕۆ گەیشت؟
- توركیا جددیە و هەڕەشە ناكات و هێرش دەكاتە سەر رۆژهەڵاتی فورات، هەتا سەرێ كانیێ و گرێ سپی دەچێت، رەنگە مونبجیش داگیر بكات، هیوادارین لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، توركیا و پەیەدە وەكو تەڕەف سیناریۆی عەفرین دووبارە نەكەنەوە، پەیەدە نەڵێ بەرخودانی سەردەم دەكەم بەڕامبەر بە وڵاتی توركیا، توركیاش ئەوەی لە عەفرینی ئەنجام دا لەوێ دووبارە نەكاتەوە، داواكارین لە ئەمریكا، رووسیا و وڵاتانی ناوچەكە ناوچەكانی ئێمە بەرەو شەڕ نەبەن، ئێمە هەموو كات گوتومانە كێشەی كورد كێشەیەكی سیاسییە و دەبێت بە دیالۆك و سیاسەت چارەسەر بكرێت، بە شەڕ كێشەكە چارەسەر نابێت، بۆیە هیوادارین ئەوەی لە عەفرین روویدا لە سەرێ كانیێ و گرێ سپی دووبارە نەبێتەوە.

* چیت هەیە بۆ قسەكانی ترەمپ كە باس لەوە دەكات كاتی ئەوەیە ئەمریكا لەم شەڕە بێ كۆتاییە بێتە دەرەوە؟
- ئەمریكا بەرژەوەندییەكانی خۆی دەپارێزێت، بەرگری لە كورد ناكات، ئەمریكا هەر لە رۆژی یەكەمەوە باسی لەوە كردبوو كە ئێمە پەیەدە بەكاردەهێنین لە شەڕی دژی داعش، ئێمەش بە پەیەدەمان گوت با یەك بین، ناو ماڵی كوردی یەك بێت، بەڵام ئەوان رووی كوردیان دایە شەڕ، سەرۆك بارزانی بە دەیان جار رایگەیاندووە كێشەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بە دیالۆك و گفتوگۆ نەبێت چارەسەر نابێت، دەبوایە ئەو دەرفەتەمان لە دەست نەدابایە، ئێستاش كات ماوە ئەگەر پەیەدە بۆ دیالۆك و گفتوگۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوان هەر دەیانگوت بەرخودان، ئەوان چەندین ساڵە بەرخودان لە باكووری كوردستان دەكەن چیان دەست كەوت.

* پەیەدە چ سوودی لە رۆژئاوای كوردستان بینیوە؟
- پەیەدە جگە لە زیان گەیاندن بە رۆژئاوای كوردستان هیچی دیكەی دەست نەكەوتووە، پەیەدە چ كاری لە رەقا، دێرەزۆر و باهۆز هەبوو، هەموو لایەكەی كردە دوژمنی خۆی.

* پێتوانیە ئەگەر پەیەدە پێگری بە رێككەوتنەكانی هەولێر و دهۆكی كردبایە رەوشی رۆژئاوا بە ئەمرۆ نەدەگەیشت؟
- ئەگەر پێگری بە رێككەوتنەكانی هەولێر و دهۆك كرابایە، بە دیالۆك كێشەكان چارەسەر كرابانە، رەوشی رۆژئاوا بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت، كورد یەك نیە، تا ئێستا پەیەدە لەگەڵ حزبە كوردییەكان كاری نەكردووە، كێشەكانی رۆژئاوا بە دیالۆك چارەسەر دەكرێن، بەڵام پەیەدە لەگەڵ لایەنە كوردییەكان دانانیشێت و رووی كوردی داوەتە شەڕ.

* رۆڵی هەرێمی كوردستان چۆن دەبینی لە پشتگیریكردنی رۆژئاوا ؟
- سوپاسی هەرێمی كوردستان دەكەین، سیاسی زۆر پشتگیری لە ئێمە كرد، ئاوارەكانی رۆژئاوای لە خۆ گرتن، زۆر رێگە بە رووی ئێمەدا كرانەوە، زۆر هەوڵی دا كە ئێمە وەكو لایەنەكانی رۆژئاوا ببین بە یەك، بۆ ئەوەی كێشەكانی خۆمان بە دیالۆك و لێك تێگەیشتن چارەسەر بكەین، نەك بە ماڵ وێرانی، كە ئێستا چاوەڕوان دەكرێت ئەو شارانەی كە ماون ئەوانیش وێران ببن و ئەو خەڵكەی كە ماوە ئەوانیش ئاوارە ببن، بۆیە داواكارین لە سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی دووبارە رۆڵی خۆیان بگێڕنەوە و رووی رۆژئاوا بدەنە دیالۆك و سیاسەت، ئێمە لە شەڕ و ئاژاوە دوور بخەنەوە".

 

© 2017 Hawler