ئاب 08, 2020

گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو ئاراستەیەکی باشتر هەنگاوی ناوە

بە پێی سەرچاوەکان و لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێم بێت، لە ئێستادا ڕەوشی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو ئاراستەیەکی باشتر هەنگاوی ناوە و لەوە نزیکن بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، بەڵام تا ئێستا دیار نییە لە کۆتاییدا ڕێککەوتنەکان چ ئەنجامێکیان دەبێت و دەگەن بە کوێ، ئەوەی لە ئێستادا بەردەستە نیەتی جدی هەردوولایە بۆ جارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان لەسەر بابەتی بودجە و نەوت و کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم؛

دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیووە
لەدوای پێکهێنانی لیژنەی دانوستان لە نێوان هەرێم و بەغدا، چەند جارێک کۆبوونەوە و دیدار ئەنجامدراوە لە نێوان لیژنەکان و لەسەر ئاستی باڵاش بەرپرسانی حکومەتی عێراق سەردانی هەرێمیان کردووە و لە ماوەی ڕابردووشدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و چەند دیدار و گفتوگۆیەکی ئەنجامدا و بە پێی لێداونی بەرپرسان بێت، دوای سەردانەکەی مەروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، ڕەوشی دانوستانەکان بەرەو ئاراستەیەکی باشتر هەنگاوی ناوە، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی پێشوازیکردنی لە ستیڤن ڤیگن، کونسوڵی گشتی ئەمریکا و شاندی یاوەری، تیشکی خستۆتە سەر بارودۆخی ناوچەکە و سەبارەت بە پرۆسەى سیاسى لە عێراق بەگشتى و كوردستان بەتایبەتى دواوە و ئاماژەى بە گفتوگۆى نێوان هەولێر و بەغدا کردووە و ڕایگەیاندووە، كە پێشكەوتنى بە خۆیەوە بینیوە و ڕاشكاوانە تێڕوانین و دیدگاى پارتیىشی بۆ کونسوڵی ئەمریکا و شاندی یاوەری خستۆتەڕوو سەبارەت بە چارسەرکردنی کێشەکان.

حکومەتی عێراق دەبوو مانگانە ٦٨ ملیار دینار بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە بنێرێت
یەکێک لەو خاڵانەی کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لە ڕابردوودا، بە چڕی گفتوگۆیان لەبارەیەوە کردووە و لە ئێستاشدا خەریکی ئەوەن لەسەری بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، مەسەلەی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، هەرچەندە بە پێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، دەبوو حکومەتی عێراق مانگانە بڕی ٦٨ ملیار دینار ڕەوانە بکات، بە مەبەستی پێدانی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام نەیناردووە. لەمبارەیەوە، عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لێژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایدەگەینێت، حكوومەتی عێراق بیانوو بۆ نەناردنی ئەو بڕە پارەیە دێنێتەوە کە بە پێی یاسای بودجە جێگیر کراوە و دەڵێت: وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق داوای لیستی ناوی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە، ئەم داواکاریەش یاسایی نییە.
ئەوەش دەخاتە ڕوو، هۆكارێكی دیكه‌ی نەناردنی بودجەی پێشمەرگە بۆ رێگرییه‌كانی بەشێك لە فراکسیۆنە شیعە و سوننەکانی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

قەرزی کەڵەکەبوو، خاڵێکی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدایە
بە پێی سەرچاوە میدیاییەکان، ئەوەی لە ئێستادا لە نێوان هەرێم و بەغدا، گرفتی دروستکردووە، لێکتێنەگەیشتنە لەسەر چەند خاڵێک، یەکێک لەوانە، قەرزی هەرێمە لەسەر بەغدا، بەڵام حکومەتی عێراق تێگەیشتنی بۆ باباتەکە بەشێوەیەکی ترە و لێکدانەوەیەکی جیاوز دەکات، بەهۆی ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا، حکومەتی عێراق بە تەواوی مووچە و بودجەی هەرێمی بڕی، حکومەتی هەرێم ناچار بوو، خۆی هەوڵبدات مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات، بەمەش کەوتە ژێر فشاری دارایی و قەرزی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت، لەمبارەیەوە و لە میانەی گفتوگۆی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، باس لە گفتوگۆی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و دەڵێت:" ئەوەی ئێمە گوێمان لێبوو ئەوەیە کەحکومەتی عیراقی بە فیعلی 80 ملیار قەرزاری حکومەتی هەرێمە لە 2004وە تا 2014، لە 2014 ە شەوە تا 2018 بەدوو بەش حکومەتی عیراق قەرزارە، لەهەمانکاتدا هەرێمی کوردستان قەرزارێکی زۆری کۆمپانیا نەوتیەکانە، جگە لەوەی ئەو بڕە نەوتەی دەریدەهێنێ لە 50%ی زیاتری دەچێت بۆ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوەت، کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە هیچ نامێنێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم بۆ موجەی فەرمانبه‌ران و وەبەرهێنان و هیچ."

نیەتی ئەوە نیە مووچەی خەڵک تێکەڵی کێشەکان بکرێت
ئەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی بەغدا و لە ڕابردوو و ئێستادا لەسەری کۆک بوونە، بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، ئەو کۆدەنگییە لە بابەتی مووچەی فەرمانبەران، وایکردووە، حکومەتی عێراقیش چیتر بیر لە بابەتی بڕینی مووچەی فەرمانبەران نەکاتەوە بە بیانوی ناکۆکی سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە درێژەی گفتوگۆی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا لە بارەی ئەگەری ڕێکنەکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و کاریگەری لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دەڵێت:" ئەوەی کەهەیە و هەستی پێدەکرێت ئەو نیەتە هەم لە بەغدادەوە هەم لەهەرێمیشەوە هەیە کەچەندێک لێکتێنەگەیشتن و ناکۆک بن لەسەر بابەتەکان به‌ڵام نەگاتە سەر ئەوەی نزیکی موچەی خەڵک ببێتەوە."

ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا
ناکۆکییەکان لە نێوان هەرێم و بەغدا، کۆمەڵیک خاڵی گرنگن کە هەردوولا تێڕوانینی جیاوزیان لەسەر هەیە، لە رابردوودا، حکومەتی عێراق ویستی ئەوەی هەبووە، وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکرێت و دەسەلاتە دەستوورییەکانی لێ وەربگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش سودی لە بابەتی ئابووری وەرگرتووە و مەسەلەی بودجەی کردووە بە کارتی فشار، بەڵام حکومەتی هەرێم نیەتی جدی خۆی لەسەر ڕێککەوتن ڕاگەیاندووە، لەسەر کۆی کێشە سەرەکییەکان، کە بریتن لە مەسەلەی بودجە و موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و مەلەفی نەوتی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە ئێستا لە ڕەوشێکی خراپدان.

پاڤین ڕەمەزان - هەولێر

© 2017 Hawler