ئەیلول 30, 2020

بروسكەی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

سەرۆك بارزانی، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان ده‌كات به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنیانه‌وه‌. 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەبۆنەی چل و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و مامۆستایان و هەموو گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكەم.

دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی كاریگەر بوو بۆ یەكخستن و پەرەپێدانی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی خەڵك و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و خواناسی لە كوردستان. مامۆستایانی ئایینی لە هەموو قۆناغەكاندا ئەو ڕۆڵەیان زۆر بە شاییستەیی گێڕاوە و ئەرك و ماندووبوونیان جێگەی ڕێزی هەموو لایەكە.

پێزانینم هەیە بۆ هەڵوێست و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینیی بەڕێزی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و گومڕایی و، هەروەها پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و دەستخۆشییان لێ دەكەم.

لەو بۆنەیەدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو مامۆستا و گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەخوازم و خودای مەزن پشت و پەنای هەموومان بێت.

 

مسعود بارزانی

21ـی 9ـی 2019

 

© 2017 Hawler