ئەیلول 30, 2020

جموجۆلی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان زیاتر بووە

رەوشی ناوچە كوردستانییەكان رۆژ بۆ رۆژ خراپتر دەبێت، لەرووی ئەمنییەوە بارودۆخی ئەو ناوچانە خراپە، جموجۆڵی داعش رۆژ بۆ رۆژ زیاد دەبێت، پەكەكە و حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە، ئەو خەڵكەی كە گەڕاوەتەوە لەبەر نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری و بارودۆخی ئەمنی دووبارە دەگەڕێنەوە نێو كەمپەكان.

بەرەكات شەمۆ، سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بۆ "هەولێر" دیاركرد:" ئەوە پێنج ساڵە خەڵكی ئێمە لە كەمپەكان دەژین، 75% خەڵكی شنگال ئاوارە بوونە و زۆربەیان لە سنووری دهۆك دەژین، هەندێك خەڵكی ئێمەش لەسەر چیای شنگال ماون، پاش ڕزگاركردنی سنوونێ و چەند ناوچەیەكی دیكە هەندێك لە خەڵكی ئێمە گەڕانەوە، بەڵام وەكو پێویست نیە، رەوشی ئەوان خراپە، خەڵك دەیەوێت بگەڕێتەوە، بەڵام لەبەر هەندێك هۆكار ناگەڕێنەوە، رەوشی شنگال باش نیە، بارودۆخی ئەمنی لەبار نیە، مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە، پرۆژەی خزمەتگوزاری نینە، داوای گەڕانەوەی ئیدارەی شەڕعی شنگالمان كردووە، كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئیدارەیەكی ناشەرعی لە شنگال دامەزراوە و رێگا نادەن ئەنجوومەن و قایمقامی شەڕعی بگەڕێنەوە.
لەلایەكی دیكەوە شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ "هەولێر" گوتی:" لە رۆژئاوای مووسڵ وەكو بەعاج جموجۆڵی داعش رۆژ بۆ رۆژ زیاد دەبێت، پەكەكە و حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە، لەرووی ئەمنییەوە بارودۆخی ئەو ناوچانە خراپە، حەشد هێزێكە، پەكەكە هێزێكە، پۆلیس و سوپا هێزێكە، رۆژانە شەڕ لە نێوان هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی داعش روودەدات، ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیاری داوە كە ئاوارەكان بە زۆری لە كەمپەكانی باشووری عێراق بگوازرێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوانە زۆربەیان روویان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، رۆژ بۆ رۆژ ئەو خەڵكەی كە گەڕاوەتەوە لەبەر نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری و بارودۆخی ئەمنی دووبارە دەگەڕێنەوە نێو كەمپەكان".

 

© 2017 Hawler