ئەیلول 30, 2020

دوو ملیۆن گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە

تەنها لە شەش مانگدا نزیكەی دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە. بڕیارێكی حكوومەتی هەرێم، تایبەت بە هەڵگرتنی رسومات لەسەر گەشتیاران، رێژەی هاتنی گەشتیاران بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم سەبارەت بە هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم دەڵێ:" تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا ملیۆنێك و 750 هەزار گەشتیار سەردانی شارە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و ئەوەش بەراورد بە شەش مانگی ساڵی رابردوو، نیو ملیۆن گەشتیار زیادی كردووە.
رۆستی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم بە شێوەیەك زیادی كردووە كە لە سەرووی پێشبینەكانی دەستەی گەشتوگوزار بووە و زۆربەی گەشتیارانیش خەڵكی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون.
لەلایەكی دیكەوە بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بۆ "هەولێر" دیاركرد:" بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەمەودوا هیچ بڕە پارەیەك لە گەشتیارانی شارو شارۆچكەكانی باشوور و ناوەڕاست و ناوچەكانی دیكەی عێراق وەرناگیرێت، لەبڕی ئەوە بۆتە سیستەمی دڵنیایی ئاسایش و خەرجییەكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابین دەكات".
بارزان، جەختی لەوەشكردەوە:" پێشتر هەر گەشتیارێك بڕی 10 هەزار دیناریان لێوەردەگیرا، بەڵام دوای نەمانی ئەم رسوماتە رێژەی گەشتیار دووبەرامبەر بووە، تەنیا لە رۆژانی پشوو زیاتر لە حەوت هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی سۆران دەكەن، زۆربەشیان گەشتیاری باشوور و ناوەڕاستی عێراقن و لەرێگەی كۆمپانییاكانی گەشتیارییەوە دێنە ناوچەكە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، دەڵێ:" دەڤەری سۆران زیاتر لە 30 شوێنی گەشتیاری لە خۆ دەگرێت، لە هەموو وەرزەكانی ساڵ گەشتیاران روو لە دەڤەرەكەمان دەكەن، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا".

© 2017 Hawler