تشرینی یەکەم 17, 2019

وەزیری نەوتی عێراق: گفتوگۆی بنیاتنەر هەیە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان

بڕیارە لەو چەند رۆژەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، حکومەتی عێراق گەشبینە بەم زووانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگاتە رێککەوتن .

لە بەغدا کۆنگرەی وزەی عێراق بەڕێوەچوو، داهاتووی کەرتی وزە و پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتنی ئۆپیک خرایە روو، لە کۆنگرەکەدا وەزیری نەوتی عێراق وردەکاری گفتوگۆکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە پرسی نەوتدا ئاشکرا کرد .
حکومەتی عێراق ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراقە، هەرێمی کوردستان لەلایەک گفتوگۆی پرسی نەوت لەگەڵ بەغدا دەکات، دەشیەوێت لە پەرلەمانیش بەشدار بێت لە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق،ئامانج ئەوەیە مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان نەفەوتێت، سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە پەیامی نیازپاکی و رێککەوتن بۆ بەغدا بنرێت .
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا دەچێتە بەغدا کە حکومەتی عێراقیش گەشبینە بەم زووانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگاتە رێککەوتن.
سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە پانێڵێکدا لەبارەی سیاسەتی وزە و نەوتی عێراق لە بەغدا رایگەیاند:" بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی بەغدا نییە، بەڵام ئێستا گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت لە نێوان هەردوولا ."
غەزبان دەڵێت:" ئەو ماوەیە، مانگی رابردوو، دوو هەفتە لەمەوبەر و تاوەکو ئێستاش گفتوگۆی بنیاتنەر هەیە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان،گەشبینین کە بەمزووانە دەگەینە رێککەوتن، بۆ ئەوەی بەرهەم و هەناردەی نەوتی عێراق یەکگرتوو و بێت و یەک سیاسەتی وزەمان هەبێت."
غەزبان هەروەها دەڵێت:" رێکخراوی ئۆپیک سەیری بەرهەمی حکومەتی فیدراڵی دەکات، ئێستا بەرهەمی نەوتی عێراق ٤ ملیۆن و ٥٥٠ هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا ." وەزیری نەوتی عێراق کە هاوکات یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانیشە بۆ کاروباری وزە هەروەها دڵنیایی دا کە پابەندبوونی عێراق بە کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت بەپێی رێککەوتنی ئۆپیک بەرهەمی نەوتی کوردستانیش دەگرێتەوە، دەشڵێت لە مانگی داهاتووەوە پابەندی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەبن .
هەفتەی رابردوو مەسروور بارزانی،سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە رەوشی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی ئاگادار کردەوە و گوتی پێشکەوتن لە گفتوگۆکانمان لە گەڵ بەغدا هەیە و هیوادارین لە سەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن بە شێوەیەک پرنسیپەکانی : هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێن.
راشیگەیاند :" کێشەی خەڵکی کوردستان تەنیا بودجە و مووچە نییە بەڵکو ئێمە خاوەنی پرسێکی نیشتمانین و داخوازی نەتەوەییمان هەیە و دەستبەرداری ماف وداخوازییە دەستوورییەکانمان نابین.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا چەند ساڵێکە لەسەر پرسی نەوت و گاز کێشەیان هەیە،بەڵام دوای دەستبەکاربوونی هەردوو حکومەت، ئامادەییان دەربڕیوە بۆ چارەسەری کێشەکان،بەپێی یاسای بودجە بێت دەبێت هەرێمی کوردستان ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکات، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە، ئامادە نییە بەشە بودجەی کوردستان ببڕێت، هەروەها حكومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی دوو لیژنەی یاسایی و تەکنیکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دیاریکردووە، هەموو ئامادەکارییەکان تەواوبوون بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق .

© 2017 Hawler