تشرینی یەکەم 17, 2019

فرسەت سۆفی : ئامانجی گەورەمان خزمەتكردنی هاووڵاتیانی شاری هەولێر دەبێت

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ هەولێر كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا دكتۆر فرسەت سۆفی وەكو كاندیدی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پارێزگارێكی نوێی هەڵبژارد كە دكتۆر فرسەت سۆفی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە كۆبوونەوەی ژمارە حەفتای خۆیدا دوای خستنەڕووی ناوی كاندید بۆ پارێزگاری هەولێر و ناساندنی دكتۆر فرسەت سۆفی كاندید بۆ ئەو پۆستە، دەنگی لەسەر دا. ئەنجوومەنی پارێزگا بە زۆرینەی 27 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە یەك دەنگی نەخێر فرسەت سۆفی بە پارێزگار هەڵبژارد.
دكتۆر فرسەت سۆفی وەكو كاندیدی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، هاوكات وەكو تاكە كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر ئامادەبوو و كورتەیەكی لەبارەی كاندیدبوونی و كارنامەی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگای هەولێر خستەڕوو.
لە پرێسكۆنفراسێكدا، كاندیدی نوێی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، كە بە هەموو توانایەكیانەوە هەوڵ دەدەن لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان شارەكە بەرەو پێشەوە ببەن، هاوكات ئەوەیشی گوت، كاتێ بە پێی یاسا لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە مەرسوومی بۆ دەرچوو، دیدگا و بەرنامەی خۆی لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگادا دەخاتە روو.
فرسەت سۆفی، جەختی لەوە كردەوە:" بەرپرسیارێتییەكی گەورە كەوتووەتە سەر شانمان، هەروەها ئامانجی گەورەمان خزمەتكردنی هاووڵاتیانی شاری هەولێر دەبێت بێ جیاوازی.
هاوكات سوپاسی پارێزگاری پێشوو نەوزاد هادی كرد، كە كاری گەورەیان بۆ شارەكە كردووە، جەختیشی لەوە كردەوە، كە ئەوان درێژەپێدەری كار و پڕۆژەكانی پێشوو دەبن و هەوڵیش دەدەن لەگەڵ هەموو لایەك بە یەكەوە كەموكوڕییەكانیش چارە بكەن.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەڵبژێردراوی هەولێر، سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد كە متمانەی پێداوە و كردوویەتی بە كاندیدی پارێزگاری هەولێر و جەختیشی كردەوە، كە لە داهاتوودا هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی خزمەت بە هاووڵاتییانی هەولێر و شاری هەولێر بكات بە بێ جیاوازی. ئاماژەی بەوەش كرد، هەوڵدەدەین بە یەكەوە كەموكورییەكان چارەسەر بكەین.
راشیگەیاند، كە بەوپەڕی تواناوە هەماهەنگییان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەبێ، هاوكات لەگەڵ سەرجەم پارت و لایەنەكانی شارەكەشدا هەماهەنگییان دەبێ، گوتیشی: دەبێ پێكەوە هەوڵ بدەین هەولێر لە ڕیزی پێشەوە بێ و پارێزگاری ئەم شارە بین".

 

© 2017 Hawler