تشرینی یەکەم 17, 2019

دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیان دەست پێ دەكات

ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوێكی بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و سەرجەم پارێزگاكان كردووە كە بە داتا بڕی پێویستی نەوت بۆ شارەكان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران بكەن، بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكرێت بۆ دابەشكردنی، هەرێمی كوردستان پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، تا بەسەر هاووڵاتییانی شارو شارۆچكە و گوند و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دابەشی بكات.

یەكێك لە بڕیارە گرنگ و پێویستییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هاووڵاتیان چاوەرێیان دەكرد دابەشكردنی نەوتی سپی بوو، سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارەی دا و بڕیار وایە لە 15ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیانی كوردستاندا بكرێت، كە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش دەكرێت.
سیروان میرخان، هاووڵاتیەكی ناوچە شاخاوییەكانە لە سنووری دهۆك بۆ "هەولێر" گوتی:" دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكات، ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین و داوا دەكەین هەر چی زووە ئەو بڕە نەوتەمان پێ بدرێت، ڕاستە بڕەكە كەمە و ئێمە لە ناوچە شاخاوییەكان بۆ خۆ گەرمكردنەوە پێویستمان بە 6 تا 7 بەرمیل نەوت هەیە، بەڵام ئەو بڕیارەی حكوومەت كاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت و نرخی نەوت دادەبەزێت، ئەوەش وا دەكات كە بتوانین ئەو بڕە نەوتەی كە پێویستمان پێ هەیە بۆ خۆمان بكڕین.
شەریف واحید، هاووڵاتیەكی دیكەیە بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" هەفتەی رابردوو سێ بەرمیل نەوتم كڕیون، كە هەر بەرمیلێك نەوت بە 125 هەزار دینار بوو، 375 هەزار دینارم دان بۆ سێ بەرمیل، حكوومەتیش ئەگەر ئەو بەرمیل نەوتەی كە بڕیاری داوە دابەش بكات، ئەگەر بەشی زستانیش نەكات، بەڵام دەتوانین تا ماوەیەكی زۆر خۆ پێ گەرم بكەینەوە، بۆیە ئەگەر تا پێش هاتنی زستان نەوتمان بەسەردا دابەش بكەن زۆر باش دەبێت.
ئەندازیار ئاری كاكەشین سابر، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر رایگەیاند، حكوومەتی هەرێم كار دەكات بۆ دابین كردنی نەوت بۆ هاووڵاتیان، ئەمساڵ بە جددی لەسەر خەتە و بەرنامەی هەیە داوای لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و پارێزگاكان كردووە كە بڕی پێویست دیاری بكەن، تا بتوانن كاری لەسەر بكەن و بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن، لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ دابین كردنی یەك بەرمیل نەوت بۆ هاووڵاتیان پێویستمان بە 100 ملیۆن لیتر نەوت هەیە.
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بۆ "هەولێر" روونیكردەوە:" سنووری پارێزگای دهۆك پێویستی بە 70 ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ وەرزی زستان، ئەگەر هەر خێزانێك بەرمیلێك نەوتی بەسەردا دابەش بكرێت، ئەوەش هەم بۆ خەڵكی سنووری دهۆكە، هەمیش بۆ ئاوارەكان و ئەو قوتابیانەیە كە لە بەشە ناوخۆییەكان دەمێنەوە".

© 2017 Hawler