ئەیلول 21, 2019

گووتەبێژی حکومەتی هەرێم: حکومەتی هەرێم بۆ بابەتە هەنوکەییەکان چەندین بڕیاری دەرکردووە و هەندێک بابەتیش دیراسە دەکرێت

دوێنێ چوارشەممە، د.جوتیار عادل، گووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، چەندین داتا و زانیاری بۆ ڕاگەیاندنەکان خستە ڕوو، کە تایبەت بوون بەو کۆبوونەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، لەماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابدوودا ئەنجامی دابوو.

گووتەبێژی حکومەتی هەرێم، باسی لەوە کرد، بە گشتی تەوەری کۆبوونەوەکانی حکومەتی هەرێم، خۆی لە چەند مەسەلەیەکدا دەبینێتەوە، ئەوانیش، بودجە و سەرژمێری و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق، هەروەها مەسەلەی بژێوی خەڵک و دابینکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و چاککردنەوەی ڕێگا و بانەکان بەر لە هاتنی وەرزی زستان، هەروەها دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و، گووتی بڕیارە نزیکەی ٢٥٩ ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەش بکرێت بەر لە هاتنی وەرزی زستان و بە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات. چەندین بڕیار دراوە لە پێناو پشتگیری وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کە ئەوەش دەکەوێتە سەر مەسەلەی بودجە تا بزانین دەتوانین چی پێشکەش بکەین.
هەروەها باسی لەمەسەی بودجە کرد و وتی حکومەتی هەرێم خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی بە وردی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ لەبارەی بودجەوە بکات و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکهاتووە بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی هەرێم و وەزیری پلاندانان و خالید شوانی و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا کۆدەبنەوە و ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ تاوتوێ دەکەن و تێبینییەکانیان باس دەکەن.
هەروەها باسی لەوە کرد، حکومەتی هەرێم دەیەوێت یاسای باج ڕێکبخاتەوە و چارەسەری کێشەی خۆدزینەوە لە باج بکات.
هەروەها تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کرد و وتی داواکراوە ئەو کۆبوونەوانە بەردەوام بن.

© 2017 Hawler