ئەیلول 21, 2019

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پارێزگاری نوێ هەڵدەبژێرێت

دوای مانەوەی نزیكەی 15 ساڵ لە پۆستەكەی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر دەستی لە كار كێشایەوە بڕیارە لە سەرۆكایەتی هەرێم پۆستێكی تازە وەربگرێت، لەو ماوەی نەوزاد هادی پارێزگار بووە تاوەكو ئێستا بە بەهای 10 ملیار دۆلار زیاتر لە 14 هەزار پڕۆژە لە سنووری هەولێر ئەنجام دراون، سەرمایەی وەبەرهێنانیش گەیشتووەتە 28 ملیار دۆلار.

نەوزاد هادی، روونیكردەوە:" دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگار هەوڵماندا لە ماوەی ئەم ساڵانەدا گەشە بە هەولێر بدەین لە هەموو رووەكانەوە، ناوشار و گوند و قەزا و ناحیەكان، بە گوژمەی 10 ملیار دۆلار زیاتر لە 14 هەزار پڕۆژە و سەرمایەی وەبەرهێنانیش گەیشتە نزیكەی 28 ملیار دۆلار كە ئەمە رەنگدانەوەی تەواوی لەسەر ژیانی چینوتوێژە جیاوازەكانی شارەكە هەبوو".
ئاماژەی بەوەشكرد، بودجەی تەرخانكراو بۆ شاری هەولێر لە ساڵی 1923 وە واتە سەردەمی مەلەكیەت كە ئەوكات لیوا بووە تا 2003 نەدەگەیشتە 200 ملیۆن دۆلار.
نەوزاد هادی ئەوەشی خستەڕوو، هەولێر بەپێی ماستەرپلان شارێكی بازنەییە لە ساڵی 2003 نیوە تیرەكەی سێ كیلۆمەتر بوو لە ماوەی ئەم 15 ساڵەدا بووەتە 13 كیلۆمەتر، گۆڕانكاری گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە باڵەخانە و ئاوەدانی و قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و هەموو سێكتەرەكانی دیكەی ژیان.
پارێزگاری هەولێر سوپاسی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كرد، كە لە ماوەی رابردوودا متمانەیان پێبەخشیووە و پاڵپشتیان كردووە بۆ ئەمجامدان و جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
باسی لەوەشكرد، لە رۆژە سەختەكاندا بە پاڵپشتی هەموو لایەك لە شەڕی داعش كە هەولێر كرایە ئامانج توانیان دۆخەكە تێبپەڕێنن و ئارامی و سەقامگیری هەولێر بپارێزن.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەپێی یاسای پارێزگاكان، پێشنیازی فرسەت سۆفی، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كردووە بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ لەسەر بەربژێری نوێی پارێزگاری هەولێر دەدرێت، دەبێت 16 ئەندامی ئەنجوومەن دەنگی پێبدەن، دواتر ناوەكەی ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ ئەوەی فەرمانی هەرێمیی بۆ دەربكرێت.
كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی:"ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ هەولێر، وەكو فراكسیۆنی پارتیش كاندیدی خۆمان پێشكەش كردووە و سیڤیی كاندیدەكەشمان كە (د. فرسەت سۆفی)ـیە، بە نووسراوی فەرمی پێشكەش بە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگا كردووە و، داوامان كردووە لە بەرنامەی كار دابنرێت، بۆیە دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن ئەمڕۆ پێنج شەممەیان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی شاری هەولێر دیاری كرد".‌
رۆژی یەكشەممەش دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، فەرمانی سەرۆكایەتی بۆ دەردەكات، دەچێتە ئۆفیس و یەكەم بڕیار بە واژۆی پارێزگارێكی تازەوە دەردەچێت.
فرسەت سۆفی، دكتۆرای لە یاسای گشتیدا هەیە، مامۆستای زانكۆ و پەرلەمانتاری پارتی بووە لە خولی رابردوو، ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بوو و تاكە پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانە كە مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانی رەتكردەوە".

© 2017 Hawler