ئەیلول 21, 2019

پنتاگۆن نیگەرانە لە چالاکی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان

دوای چەندین جار هۆشداری پێشمەرگە لە دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ئەمریکا،هەروەها هاواری خەڵک بۆ نالەباری دۆخی ئەو ناوچانە، دواجار ئەمریکاش لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە هاتە دەنگ و ترسی هەیە داعش بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە بقۆزێتەوە و دووبارە سەرهەڵبداتەوە .
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن نیگەرانە کە داعش بۆشایی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکان بقۆزێتەوە و هەوڵبدات پەناگەیەک لەو ناوچانە بۆ خۆی دروست بکات و جموجۆڵ و هێرشەکانی زیاد بکات .
مایکڵ موڵرۆژی، یاریدەدەری بەرپرسی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێت:" داعش ئێستا خەریکە ناکۆکی و بۆشایی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان دەقۆزێتەوە، بەتایبەت لەو هێڵانەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق جیا دەکاتەوە ."
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن هەرچەندە دڵنیایە داعش ناتوانێ وەکو جاران سەرهەڵبداتەوە، بەڵام نیگەرانی وڵاتەکەی ناشارێتەوە لە زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش، دەڵێت :" داعش ناتوانێ خۆی بە هێز بکاتەوە یان خاک داگیر بکات، چونکە ئەو ناوچانە هەم بۆ عێراق و هەم بۆ هەرێمی کوردستانیش ناوچەی زۆر گرنگن .
نیگەرانی ئەمریکا لەکاتیکدایە کە جموجۆڵەکانی داعش لەو ناوچانە لەوماوەیەدا زیادیکردووە، لە چەند هەفتەی رابردوودا داعش بە هاوەن هێرشی کردە سەر چەندین ناوچەی کوردستانی بەتایبەت لە سنووری خانەقین و کوڵەجۆ و ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگای دیالە،لەو ناوچانە شانە نووستووەکانی خەریکی کردەوەی جۆراوجۆرن بەتایبەت کە هێشتا لە سنووری چیای حەمرین ماون .
مانگی رابردوو لە راپۆرتێکدا، پێنتاگۆن رایگەیاندبوو، داعش لە توانایدایە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان" پەناگەی ئارام بۆ دووبارە خۆ رێکخستنەوە و هێرشکردن دروست بکات،هەروەها پلانی هێرشیش لەو ناوچانە دادەنێت، لەکاتێکدا هێزە عێراقییەکان و حکومەتی عێراق توانای سنوورداریان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە، هەروەها هێشتا پێشمەرگە نەگەڕاوەتەوە ناوچەکان و بەوهۆیەشەوە ئاسایشی ناوچەکان لە مەترسیدایە .
فەرماندە ریبیکا ریباریچ،گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە :" پێشمەرگە ئێستا فۆکەسی لەسەرئەوەیە رێگەنەدات شانە نووستووەکانی داعش لە باکووری عێراق سەرهەڵبدەنەوە، پێنتاگۆن سوورە لەسەر بەردەوامی راهێنان بە پێشـەرگە و ناردنی چەک بۆیان،لەکاتێکدا داعش سەرکەوتنی بەسەر داعش راگەیاندووە،بەڵام هێشتا مەترسییەکانی بەردەوامە، ئەمە لەکاتێکدا کە ئیدارەی ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ هێزە کوردیەکان بۆ نیوە کەمکردەوە لە سەرەتای ئەمساڵدا ."
هەرچەندە ئەمریکا لە هەوڵدایە بودجەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبکاتەوە و لەبەرامبەردا فۆکەس بخاتە سەر ناکۆکیەکان لەگەڵ چین و رووسیا،بەڵام بەردەوام و لە بۆنەی جیاوازدا داوای چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدای کردووە لەسەر چارەنووس و داهاتووی ناوچە جێناکۆکەکان، هەروەها داواشی کردووە بەغدا بەردەوام بێت بێ هیچ بیانوویەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت .
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەڵێن بەغدا مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکات، بەلام لەگەڵ ئەوەش لە بودجەی عێراقدا پەرلەمان بە یاسا ناردنی مووچەی پێشمەرگە و خەڵكی کوردستانی پەسند کردووە .
مایک پێنس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆتایی مانگی رابردوو بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، پێنس جەختی لەوە کردەوە دەبێت هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت رێکبکەون و لە شەڕی داعشیشدا هاوکاری یەکدی بکەن .
پێشتر ئیدارەی باراک ئۆباما، لەکاتی زیادبوونی هەڕەشەی داعش، لەوکاتەی چەکداران بوونە هەڕەشە لەسەر هەولێر، دەستوەردانی کرد و رێگەی نەدا داعش دەستی بگاتە هەولێر، دواتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نزیکەی ٥ هەزار سەربازی ئەمریکی نێردرانە عێراق، کە ئەوە ماوەیەکی زۆرە بەشێکی پەرلەمانتارانی عێراقی دژی هێشتنەوەی ئەوپرسە و مانەوەی سەربازانن .
لەکاتێکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی بەم دواییە سەرکۆنەی بۆردوومانەکانی سەر حەشدی شەعبی کرد، رووبەڕووی گوشاری تووندی باڵی تووندڕەوی شیعە بووەتەوە لەبارەی پێ قایمکردنی سوپای ئەمریکا لە عێراق، حەشدی شەعبی ئەمریکاش بە بۆردوومانەکان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت هیچ کارێکی نەکردووە بۆ پاراستنی بنکە ئاسمانییەکانی عێراق .
ئەوانە لەکاتێکدان پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لەدوای ریفراندۆم تاڕادەیەک وەکو پێشتر نەبوو، بەڵام پەیوەندی هەردوولا ئاسایی و بەهێزە،شارەزایان لەوبڕوایەدان بۆشایی ئەمنی لە سنووری دیالە و کەرکووک هەیە،ئەوەش بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق، چونکە پێشتر هەردوولا ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان هەبوو .
بیلال وەهاب لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت ئەو قسەیە ئێستا بووەتە دروشم لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچانە، دەڵێن:" کە رۆژ هەڵدێت سوپای عێراق ئەمنیەتی ناوچەکانی لەدەستە، کە رۆژ ئاوا بوو، داعش لەو ناوچانە بڵادەست دەبێت .

سەرچاوە: ئەلمۆنیتەر

© 2017 Hawler