ئەم پەڕەیە چاپ بکە

پەرلەمانی كوردستان ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی دەستوور دەكات

پەرلەمانی كوردستان ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی دەستوور دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی لایەنە سیاسیەكانی دەستپێكردوە، لە قۆناخی یەكەمدا سەردانی ئەو حزبانە دەكات كە براوەی هەڵبژاردنن و كورسی پەرلەمانیان هەیە. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێ، هەرێمی كوردستان پێویستی بە دەستوور هەیە و دەبێت لەو بارەوە ناكۆكییەكان بەلاوەنرێن بۆ نووسینەوەی دەستوور.

پرۆژە یاسای دەستووری هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2009وە ئامادەكراوە، كە لە 122 ماددە پێكهاتووە، لێژنەی نوسینەوەی دەستووری خولەكانی پێشتر، زیاتر لە 70 ماددەیان نووسییەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كۆدەنگی نوسینەوەی دەستوور بەردەوام نەبوو، بەپێ لێدوانی لایەنە سیاسیەكان، بۆ نوسینەوی دەستوور هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و ئیداریەوە رێكدەخرێتەوە و كەمترین تەنگەژەی سیاسیش بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێت، لایەنە سیاسیەكان لەم خولە لە هەوڵی نوسینەوەی دەستوورن و داوا دەكەن لەم خولەی پەرلەمان بە سازانی لایەنەكان دەستووری هەرێمی كوردستان بنوسرێتەوە.
د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند، ئێمە وەكو دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیارێكمان داوە لە كۆبوونەوەی خۆمان كە سەردانی تەواوی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین بەتایبەتی ئەو حزبە سیاسییانەی كە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا كورسیی پەرلەمانییان هەیە، ئامانجیش لەو سەردانە دروستكردنی كۆدەنگییە لەسەر هەندێ بابەت كە رەهەندی چارەنووسسازیان هەیە بەنیسبەت هەرێمی كوردستان و بەنیسبەت میللەتەكەمان، لەهەرە گرنگترینیان نوسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستانە، ئێمە پێمان وایە گەیشتووینەتە قۆناغێك كە دەبێ دەستوورمان هەبێ و هەموو ناكۆكییەكانمان وەلانێین بۆ ئەوەی تیمی هاوبەشی نیشتمانی دروستبكەین بۆ نوسینەوەی دەستوور.
لەلایەكی دیكەوە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتی:" لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەبێت هەرێمی كوردستان خاوەنی دەستوورێكی هەمیشەیی خۆی بێت بۆ ئەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان بپارێزێت لە هەر هەوڵێك كە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان چ لە بەغدا یان لە شوێنەكانی ترەوە ئەبێ، هەروەها بۆ چەسپاندنی كلتوور و میكانیزمەكانی دیموكراسییەتە بۆ ئەوەی هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردنەكان لە كوردستاندا بكرێن و بتوانین ئیتر بەیەكەوە هەڵكردنێكی سیاسیمان هەبێ.
لەلایەن خۆیەوە مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوە كردەوە:" سەرۆك بارزانی داوای لێكردوون نوسینەوەی دەستوور بخەنە پێشینەی كاری ئەم خولەی پەرلەمان، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت لێژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستوور پێكبهێنرێت، كە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسیەكان و پێكهاتەكان لەخۆبگرێت، سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەستمان پێ كردووە و بەردەوامیش دەبین".