ئەیلول 30, 2020

شاندێكی ھاوبەشی ھەدەپە و كەجەدە گەیشتە ھەولێر

كەمێك پێش ئێستا شاندێكی باڵای ھاوبەشی ھەدەپە كەجەدە بە سەرۆكایەتی سەزای تەمللی ھاوسەرۆكی ھەدەپە و بەردان ئۆزتورك، ھاوسەرۆكی كەجەدە گەیشتە ھەولێر و بڕیارە لە ماوەی چوار رۆژدا چەندین دیدار و چاوپێكەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجامبدەن.

شاندەكەی ھەدەپە و كەجەدە لە فڕۆكەخانەی نێودوڵەتی ھەولێر لەلایەن پارێزگاری ھەولێر و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان پێشوازیان لێكرا. بڕیارە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و بەرپرسە حزبی و حكوومەییەكانی ھەرێمی كوردستان دۆخی ناوچەكە تاوتوێ بكەن.

عابد ئیکە، نوێنەری ھەدەپە لە ھەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "سەردانی شاندی ھەدەپە بۆ ھەرێمی كوردستان، بە مەبەستی تاوتوێكردنی سیاسەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانە، كە پێویستە رەوشی كوردان لە ناوچەكە تاوتوێ بكرێت".

لە وەڵامی پەیامنێری كوردستان24، كە ئایا شاندەكە سەردانی قەندیل دەكات؟، نوێنەری ھەدەپە گوتی: "ئێستا شاندی ھەدەپە ناتوانێت بچێتە قەندیل، چونكە چەند ساڵێكە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا وەستاوە و لەم رەوشەدا ھاووڵاتیانی سڤیلیش ناتوانن سەردانی قەندیل بكەن، شەو و رۆژ فڕۆكەكانی توركیا لەسەر قەندیلن".

© 2017 Hawler