ئەیلول 30, 2020

بۆڵتۆن وێنه‌ی نه‌وتهه‌ڵگره‌ ئێرانییه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌

راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: "نه‌وتهه‌ڵگری ئێرانی (ئه‌دریان داریا-1) به‌ره‌و سووریا رۆیشتووه‌ و تا ئێرانیش ده‌ست له‌ درۆ و بڵاوكردنه‌وه‌ی تیرۆر هه‌ڵنه‌گرێت، واشنتن سزاكانی سه‌ر تاران هه‌ڵناگرێت.

جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نوسیوویه‌تی: "ئه‌وه‌ی پێیوایه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌ ئێرانییه‌كه‌ به‌ره‌و سووریا نه‌ڕۆیشتووه‌ له‌ وه‌همدا ده‌ژی، تاران پێیوایه‌ پاڵپشتیی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د گرنگتره‌ له‌ پاڵپشتیی گه‌له‌كه‌ی و ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی باش بۆیان، ئێمه‌ ده‌توانین دانوستان بكه‌ین، به‌ڵام سزاكانی سه‌ر ئێران سووك ناكه‌ین، تا ئه‌و كاته‌ی ئێران ده‌ست له‌ درۆ و بڵاوكردنه‌وه‌ی تیرۆر هه‌ڵنه‌گرێت"

 

بۆڵتۆن له‌گه‌ڵ نوسینه‌كه‌یدا وێنه‌یه‌كی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ رۆژی 6/9/2019 گیراوه‌ و نه‌وتهه‌ڵگری ئه‌دریان داریا-1 ده‌رده‌كه‌وێت له‌ بنكه‌یه‌كی ده‌ریایی له‌ ته‌ڕتوسی سووریا راوه‌ستاوه‌.

هه‌روه‌ها راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانیی ده‌ریخستووه‌ كه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی ئێران باره‌كه‌ی له‌ به‌نده‌رێكی سووری به‌تاڵ كردووه‌.

پێگه‌ی ئیلیكترۆنی "میدڵ ئیست ئای" له‌وباره‌یه‌وه‌ راپۆرتێكی تایبه‌تی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ "نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی ئێران زیاتر 55% باره‌كه‌ی له‌ به‌نده‌رێكی سووری به‌تاڵ كردووه‌.

 

 

 

© 2017 Hawler