ئەیلول 21, 2019

سەفین دزەیی: ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا لە ڕووی سیاسییەوە بڕیاری لەسەر دراوە و کاری هونەری ماوە

دوێنێ شەممە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە مەلەفی نەوت و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕایدەگەیەنێت، لەدوای سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر باش بوون.

سەفین دزەیی بە میدیاکاری ڕاگەیاند، لە ڕووی سیاسییەوە بڕیاری تەسلیم کردنی نەوت بە بەغدا دراوە و لە ڕووی هونەرییەوە کاری ماوە و دەڵێت:" ئەو ئامادەكارییەی كراوە بۆ رادەستکردنی نەوت وەك پێویست نەبووە، دیارە لە ڕووی سیاسییەوە بڕیارەكە دراوە، بەڵام لە رووی هونەرییەوە ماویەتی“.
دزەیی ئەوەشی خستە ڕوو، چەندین کۆمپانیای بیانی لە هەرێم خەریکی وەبەرهێنانی نەوت بوونە و لە کاتی ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا، لە ڕووی یاساییەوە پێویستە شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە ڕەچاو بکرێت.
دزەیی ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە چەندان لیژنەی تایبەت بە دۆسیەکانی نێوان هەردوولا پێکهێنراون و لە دوای سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆك حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، ”پەیوەندییەكان زۆر باش بوون“، دواتریش شاندی پەیوەندیداری بەغدا هاتوونە كوردستان و لیژنەی تایبەتیش پێكهاتوون لەسەر دۆسیەكانی نەوت و ئەمنی و بودجە.
لەبارەی پێدانی مووچەی فەرمانبەران سەفین دزەیی گووتی:" موچە و بودجە ساڵانەیە كە ساڵی 2019 لە پەرلەمانی عێراق بڕیار لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان دراوە، ئەوە تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت“. هەروەها ئاماژەی پێدەکات، کە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی تر قسە لەسەر ئەوە دەکرێتەوە میکانیزمی پێدانی مووچەی فەرمانبەران چۆن بێت.
لە ئێستادا، هەرێم و حکومەتی عێراق لیژنەی تایبەتیان پێکهێناوە سەبارەت بە ئەنجامدانی دانوستان و گفتوگۆ لەبارەی چەندین مەلەف، لەوانەش مادەی ١٤٠ و مەلەفی نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گەڕێکی تری گفتوگۆکان بەڕێوە بچن و هەردوولاش نیازپاکی و نێتی جدی خۆیان نیشانداوە بۆ ڕێککەوتنی هەمیشەیی لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان کە لە پێشتردا ڕێککەوتنی لەبارەوە نەکراوە.

© 2017 Hawler