ئەیلول 21, 2019

پەرلەمان خۆی بۆ وەرزی نوێی یاسادانان ئامادە دەكات

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" پەرلەمانی كوردستان كە ئێستا خۆی بۆ وەرزی نوێی یاسادانان ئامادە دەكات، هێنانی پرۆژە یاسای بودجە بۆ ناو پەرلەمان و پرۆژەی چاكسازی بە هەنگاوێكی گرنگ ناودەبات. دەشڵێ:" ئێستا پێشكەوتنێكی بەرچاو لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، خەریكە كێشەكان بەرەو چارەسەركردن دەڕۆن، دانوستاندنەكان رۆژ بۆ رۆژ بەرەو پێشەوە دەچن، بەتایبەتی لەسەر بودجە و ماددەی 140، چەندین لیژنەی فەرعی دروست كراون و لیژنەكان كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن، هەرێمی كوردستانیش نیەتێكی باشی هەیە و هەوڵدەدات پەیوەندییەكانی خۆی هەم لەگەڵ بەغدا، هەمیش لەگەڵ وڵاتانی جیهان باشتر بكات.

محەمەد ئێلخانی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ "هەولێر" دیاركرد:" ئێستا بە دەیان پرۆژە یاسا ئاراستەی لیژنەی یاسایی كراون، ئەو پرۆژە یاسانەی كە ڕەهەندی نیشتمانی و داراییان هەیە، ئاراستەی حكوومەت كراون كە حكوومەت ڕای خۆی لەسەر بدات، هەموو فراكسیۆنەكان لە وەرزی یەكەم ئەولەویەتی كارەكانیان ئەوە دەبێت، كە پاڵپشتی پرۆژەی چاكسازی بكەن، هەروەها هەوڵ بدرێت كە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەناوی یاسای پەرلەمانی كوردستانەوە، چونكە یاسای سەرۆكایەتییەكان هەیە، تەنیا پەرلەمان ئەو یاسایەی نیە، بۆیە هەموو فراكسیۆنەكان ئامادەن بۆ وەرزی نوێ، چونكە هەتا ئێستا حكوومەتی هەرێم تەشكیل نەكرابوو، پەرلەمان لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی نەیدەتوانی یاساكان ئامادە بكات، كاری خۆی بكات، لەبەر ئەوەی كابینەكە تەشكیل نەكرا بوو، بەڵام ئێستا حكوومەت پێكهاتووە، وەرزی داهاتوو ئەو پرۆژە یاسانەی كە گرنگن بۆ خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی پرۆژەی چاكسازی بۆ رێكخستنی كاروباری پەرلەمان، پرۆژە یاسای پەرلەمانی كوردستان، گرنگی پێ دەدرێت، فراكسیۆنەكان ئامادەن بۆ ئەوەی چاودێری كاروباری حكوومەت و وەزارەتەكان بكەن.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەكردنی كێشەكان ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" ئەگەر تەماشای ویستی هەر دوولا بكەین، ئیرادەیەكی سیاسی لە هەر دوولا هەیە، كە پەیوەندییەكانی هەر دوولا باش بێت، ئەمە بۆ عێراقیش باشە، ئیستقراری سیاسی دەبێت، هەرێمی كوردستانیش داوای مافەكانی خۆی دەكات، كە ئەمە حەقێكی شەرعی هەرێمی كوردستانە، كە ئیستحقاقە داراییەكانی خۆی وەربگرێت، كابینەی نوێ هەموو هەدەفی ئەوەیە كە لە هەموو رێگاكانەوە هەوڵ بدات مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، هەرێمی كوردستان مافەكانی خۆی وەربگرێت، هەنگاوەكانی زۆر سەركەوتووبووە، كابینەی نوێ یەكەم سەردانی ئەوە بوو كە سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراقی كرد، شاندێكی بەغداش هاتە هەرێمی كوردستان، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێستا پێشكەوتنێكی بەرچاو هەیە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كێشەكان بەرەو چارەسەركردن دەڕۆن، لە بودجەی 2019 تا ڕادەیەك كێشەكانی هەرێم چارەسەر كرابوون، ئەو ماددانەش لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بوون، بەڵام ئەو بەشەی كە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی وەربگرێت تا ئێستا بە تەواوەتی وەرنەگرتووە، بەڵام گەشبینین كە لە بودجەی 2020ی عێراق پشكی هەرێم بە تەواوەتی دیاری دەكرێت و مافەكانی هەرێم وەكو جاران بە تەواوەتی دەدرێت، ئێستاش هیچ كێشەیەكی سیاسی نابینم لە نێوان هەولێر و بەغدا دانوستاندنەكان رۆژ بۆ رۆژ بەرەو پێشوە دەچن، بەتایبەتی لەسەر بودجە و ناوچەكانی سنووری ماددەی 140، چەندین لیژنەی فەرعی دروست كراون و لیژنەكان كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش هەموو ئامادەیەكی خۆی نیشانداوە كە كار بكات بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوەش شتێكی ئیجابیە، هەرێمی كوردستانیش نیەتێكی باشی هەیە و هەوڵدەدات پەیوەندییەكانی خۆی هەم لەگەڵ بەغدا، هەمیش لەگەڵ وڵاتانی جیهان باشتر بكات بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان".

 

© 2017 Hawler