ئەیلول 21, 2019

بەڕێوبەری پرۆژەی شەقامی١٥٠ مەتری هەولێر: قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە لە تەواو بووندایە و یەک کاتژمێر ناوەستین

وەک پێشتر بڕیاردرابوو، لەدوای کۆتایی هاتنی پرۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتری لە هەولێر بە شیوەیەکی سەرکەوتوو و سەردەمیانە، لە ئیستادا قۆناغی یەکەمی پرۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری بەرەوە تەواو بوون دەچێت و هەر لەگەڵ تەواو بوونی قۆناغی یەکەمیش دەست بە بە ئەنجامدانی قۆناغی دووەم دەکرێت بێ وەستان.

لە لێدوانێکی میدیاییشدا، بەڕیوبەری پرۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە کە لەڕێگای بەحرکە تا ڕێگای کۆیە بە درێژایی ١٤ کیلۆمەتر یەک کاتژمێر ناوەستن تا کۆتایی پێهاتنی و دەشڵێت:" پرۆژەكە ئاستەنگەی زۆری بۆ دروست بووە بەهۆی زەوی و زار و قەرەبووەكان، بەڵام سەركەوتوو بوونە".
سەرتیپ سابیر، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە هەرە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ستراتیژی و نێودەوڵەتییە و لە ئێستادا لە قۆناغی نیوەی ئەنجامدانی پرۆژەکە نزیک بوونەتەوە و بەڵێن دەدات بێ وەستان و دواکەوتن پرۆژەکە بە کۆتا بهێنن.
شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر، لە سەروبەندی باشبوونەوەی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەردی بناغەی دانرا و پێشتر ڕاگەیاندرابوو کە ١٣١ ملیۆن دۆلار بۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە خەرج دەکرێت و لە ئێستادا بە باشی و بە خێڕایی کاری لەسەر دەکرێت و نزیکە لە تەواو بوون و دەستکردن بە قۆناغی دووەمی پرۆژەکە.

© 2017 Hawler