ئەیلول 21, 2019

حەوت ملیۆن كەس لە عێراق پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی هەیە

لە كاتی هاتنی داعش بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار هاووڵاتی بەهۆی ئایین و باوەڕی جیاجیا و توندوتیژییەوە ئاوارەبوون، لە ئێستاشدا زیاتر لە 750 هەزار ئاوارە بەهۆی ترسیان لە توندوتیژی لە كەمپەكانی هەرێم ماونەتەوە، ئەوانەشی كە گەڕاونەتەوە جارێكی دیكە ئاوارەی هەرێم دەبنەوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت كە هەرێمی كوردستان وەك پەناگەیەك دەمێنێتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە لە دەستی زوڵم و توندو تیژی هەڵدێن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لە رۆژی جیهانیی قوربانییانی توندو تیژی ئایینی و هزریدا تویتێكی بڵاو كردەوە و تیایدا ڕایگەیاند: جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك پەناگەیەك دەمێنێتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە لە دەستی زوڵم و توندو تیژی هەڵدێن.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها نووسیویەتی، بەردەوام دەبین لەسەر بەرەوپێشبردن و پاراستنی ئازادی ئایینی لە هەرێمی كوردستان.
لەلایەكی دیكەوە نەتەوەیەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە عێراق 6 ملیۆن و 700 هەزار كەس پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی هەیە.
لە راپۆرتەكەدا نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرایكردووە، كۆی ئەو كەسانەی لەسەرتاسەری جیهان پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی هەیە بە 132 ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت، كە بڕی هاوكاریكردنیان دەگاتە 21 ملیار و 900 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.
رێژەی دابینكردنی هاوكاری بۆ ئاوارەكان كەمبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی 90%ـی ئەو رێكخراوانەی پێشتر هاوكاری ئاوارەكانیان دەكرد ئێستا نەماون، ئەوانەشی كە هاوكاری ئاوارەكان دەكەن تەنیا رێكخراوە نێوخۆییەكانن.
مریەم لەزگین، ئافرەتێكی مووسڵە، لەبەر سەرهەڵدانەوەی داعش و هەبوونی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانیان، دوای 5 مانگ گەڕانەوە بۆ ماڵە خرابووەكەی جارێكی دیكە ئاوارەی هەرێم بووەتەوە، ئەو ئافرەت بۆ "هەولێر" باسی لە ژیانی خۆی كرد و گوتی:" ژیان لە مووسڵ زۆر قۆرس بووە، خانووەكانمان هەموو خراپ بوونە، كەس هاوكاری ئێمە نەكات، جگە لەوەی مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە، حەشدی شەعبی رۆژانە بەناو كۆڵانەكانی مووسڵدا دەگڕێت، هەموو ئەمانە هۆكار بوون كە جارێكی دیكە ژیانی ئاوارەیی هەڵبژێرین و روو لە هەرێمی كوردستان بكەینەوە.
شەمۆ محۆ، ئاوارەیەكی دەشتی نەینەوایە و لە یەكێك لە كەمپەكانی دهۆك نیشتەجێیە بۆ "هەولێر" دیاركرد:" حكوومەتی هەرێم شەو و ڕۆژی كردۆتە یەك بۆ ئەوەی هاوكاریی ئاوارەكان بكات و كەلوپەلی پێویست بۆیان دابین بكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەركی حكوومەتی عێراقە هاوكاری ئاوارەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام بە داخەوە نە هاوكاری ئاوارەكان دەكات، نە شوێنەكانی ئێمە ئاوەدان دەكاتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان.
سامی فارس، ئاوارەیەكی دیكەیە بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی و زیادبوونی جموجۆلەكانی داعش ناچار بووینە ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێ بهێڵین و روو لە هەرێمی كوردستان بكەین، داوا لە حكومەتی هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین لە هەڕەشە و هێرشەكانی داعش بمانپارێزن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نەبینە دەستی قوربانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە.
یونس قەیس، كە لە دەشتی نەینەوا ئاوارە بووە، بۆ "هەولێر" دەڵێت:" بەداخەوە حكوومەتی عێراق هیچ هاوكاری ئێمەی نەكردووە، ئەگەر لەبەر حكوومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازی بارزانی نەبووایە، ڕەوشی ئێمە زۆر خراپ دەبوو و نەماندەزانی روو لە كام شوێن بكەین، بۆیە تا ماوین سوپاسی حكوومەتی هەرێم و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەكەین، بۆ ئەو هاوكاریەی پێشكەش بە ئێمەیان كردووە.
محەمەد رەشید، كە لەبەر حەشدی شەعبی و سەرهەڵدانەوەی داعش ناوێرێت بۆ مووسڵ بگەڕێتەوە بە "هەولێر"ـی گوت:" ڕاستە شارەكەمان ئازاد بووە، بەڵام لەبەر حەشدی شەعبی و سەرهەڵدانەوەی داعش ناوێرین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، كە ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەكان گەڕابوونەوە، بەڵام بەهۆی نا ئارامی شارەكە جارێكی دیكە ئاوارە بوونەتەوە.

© 2017 Hawler