ئەیلول 21, 2019

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: شانازییە بۆ ئێمە ڕۆڵمان هەبێت لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان

دوێنێ چوارشەممە، لە درێژەی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان، هەر یەکە لە وەزیریی بەرگری ئەڵمانیا ئانگرێت کرامپ و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییان بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەولێری پایتەخت ئەنجامدا و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسانیان دایەوە.

لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند، ئێمە بەردەوامین لە هاوکارییەکان و ڕاهێنان پێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و دەمانەوێت بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو ئامادەبن، وە باسی لەوەشکرد لە دیدارەکانی لەگەێڵ بەرپرسانی هەرێم ڕۆڵی ئەڵمانیا بەرز نرخێنراوە و ئەوان وەکو ئەڵمانیا شانازی بەوە دەکەن ڕۆڵیان هەبووە لە دروستبوونی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و هیوای ئەوە دەخوازن ئەو سەقامگیرییە لە داهاتوودا زیاتربێت، هەروەها گووتی:" زۆر بە هەستیارییەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەین و لە کوردستان دەمێنینەوە".
ئانگرێت کرامپ،باسی لە ڕێگەگرتن لە مەترسییەکانی داعش کرد و ئەوەی ڕاگەیاند، ئەوان دەبێت قسە لەوە بکەن چۆن بتوانن نەهێڵن جارێکی تر داعش ئەو هێزەی هەبێت کە لە سەرەتادا هەیبوو، هەوروەها بتوانن سنووری ئەو جێگایانە دیاری بکەن و نیشانی بکەن کە داعش تیایدا خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەیە.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ئەوەی بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو، تا ئێستا هیچ کەسێک پێی وانییە داعش کۆتایی پێ هاتبێت، وە ڕایگەیاند:" داعش خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەیە و جەنگی داهاتووی داعش سەختتر دەبێت".
وەزیری پیشمەرگەی هەرێم ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوان لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتوگۆی بەردەوامدا دەبن و هانی هەموو ولاتانی دۆستیان داوە کە هاوکاربن لە نزیککردنەوەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئەوەی پێکەوە بتوانن پێش بە پیلان و مەترسییەکانی داعش بگرن، هەروەها باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی ئەو چاکسازییە کرد کە لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا باس دەکرێت.

© 2017 Hawler