ئەیلول 21, 2019

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێم کۆبۆوە

دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٠ی ئاب بە سەردانێک گەیشتە بەغدا، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدلمەهدی کۆبوونەوەی ئەنجامدا دواتریش گەیشتە هەولێری پایتەختی کوردستان و چەند دیدارێکی گرنگی ئەنجامدا.

ئانگرێت کرامپ، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕاستەوخۆ سەردانی هەولێری کرد و سەرەتا لە لایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا و بەخێرهاتن کرا.
دواتر وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری، لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و چەند تەوەرێکی گرنگیان تاوتوێ کرد کە تایبەت بوو بە بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان.
جێگای ئاماژە پێدانە هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا، ئانگرێت کرامپ، سەردانی پێشمەرگە و فەرماندەکانی پێشمەرگەی کردووە و ڕاوێژکاران و سەربازانی وڵاتەکەی بەسەر کردۆتەوە و دیداری لەگەڵ ئەنجامداون و چاویشی بە چەند چالاکوانێکی ئێزیدییەکان کەوتووە.
لە ماوەی شەڕی داعشدا، ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان هاوکاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد، لە ڕێگای پێدانی چەک و ناردنی ڕاهێنەری سەربازی بۆ یەکەی مەشقەکانی پێشمەرگە و لە دیدارەکانیدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دووپاتی هاوکاری و پشتیوانییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە هێشتا شیڕی دژ بە داعش کۆتایی نەهاتووە و ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.

 

© 2017 Hawler