ئەیلول 21, 2019

ئەڵمانیا جەخت لە پەیوەندی سیاسی و سەربازی لەگەڵ کوردستان دەکاتەوە

دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا شەوی سێشەممە گەیشتە هەولێر و دووپاتی هاوکاری و بەردەوامی بەرلینی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە، دەڵێت شەڕی داعش هێشتا بەردەوامە و ئەوانیش بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان .

دوو مانگ دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە شوێنی ئۆرسۆلا ڤۆندەر لەین، ئانگێرت کرامب کارێنباوەر سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ پێشمەرگەکان و راوێژکارانی سەربازی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .
ئەو لە فێرگەی مەشقی پڵنگەکانی زێرەڤانی لەگەڵ ژنە پێشمەرگە و فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆبووەوە و وێنەی لەگەڵ گرتن، دووپاتی پەیوەندی دۆستانە و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ پێشمەرگەی کوردستان کردەوە،ئەو لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند ئامادەی فراوانکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ عێراق، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی عێراق لە شەڕی دژی داعش لە نێویاندا هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت هێزە عێراقییەکان لە سوپا و پۆلیس و پێشـمەرگە و حەشدی شەعبی پێکەوە قوربانی زۆریان دا لە شەڕی داعش، ئەوەش بووە هۆی سەرکەوتنی گەورە لە شەڕی داعشدا سەرکەوتن بووە.

هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین هاوکاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان نارد، هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە یارمەتیدەر بوون لە سەرکەوتن بەسەر داعش و دەرکردنی چەکداران لە سنوورەکانی کوردستان،
وڵاتەکە چەندین ساڵە پەیوەندی سیاسی و سەربازی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، پەیوەندییەکانی بەرلین و هەولێر لە بەرەوپێشچوون دایە.
میدیای ئەڵمانیا لەبارەی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆ هەولێر دەڵێن جگە لەوەی بەرلین پاڵپشتی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە، دەشیەوێت وەبەرهێنان و کار و چالاکییەکانی فراوان بکات، وڵاتەکە نەک لە رووی سەربازییەوە، بەڵکو لە رووی مرۆییەوە لە رێگەی چەندین رێکخراو پاڵپشتی هاوکاری ئاوارەکان و دەربازکردنی ئاوارەکان لە دۆخی شەڕی داعش دەکات، هاوکات بەرلین یەکێكە لەو وڵاتانەشی لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەشدارە .
لە گەرمەی شەڕی داعش، وڵاتەکە بە چەند کاروانێك زیاتر لە ٢ تۆن چەک و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە نارد، کە نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بەهاکەی بووە، هەروەها زیاتر لە ١٠٠ راوێژکاریشی ناردە هەرێمی کوردستان بۆ مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٥ هەزار پێشمەرگەی کوردستان لەسەردەستی راهێنەرانی ئەڵمانی راهێنراون و نوێترین تەکتیک و تەکنیکەکانی شەڕ فێر دەکرێن، جگە لەوەی چارەسەری چەندین برینداری پێشمەرگەی کردووە، پێشمەرگە چەکی میلانی ئەڵمانی لەبیرە کە بووە هۆی ئەوەی لە چەندین بەرەدا هێرشە خۆکوژییەکانی داعش تێکبشکێندرێن، بۆیە بەپێی میدیای ئەڵمانیا سەردانەکەی کارێنباوەر ئامانجی سەرەکی لێی بەردەوامیدانە بەو پەیوەندیە بەهێزەی نێوان هەولێر و بەرلین،هەروەها پاڵپشتی پێشمەرگە و تۆکمەترکردنی ریزەکانی لە رێگەی یەکخستنەوەی.

پەیوەندی سیاسی و وەبەرهێنان
لەسەر ئاستی سیاسیش ئەڵمانیا رۆڵی هەبووە لە شکاندنی گەمارۆی سیاسی سەر کوردستان، هاوشانی فەرەنسا لە یەکەمین ئەو وڵاتانە بوون رازی نەبوون حکومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی بەردەامی بداتە گەمارۆی سیاسی سەر هەرێمی کوردستان.
دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەر و هێرشی هێزە عێراقیەکان لە کەرکووک، زیگمار گابرێل وەزیری دەرەوەی پێشتری ئەڵمانیا پلانی سەردانی بۆ بەغدا و هەولێر دانا، بەڵام ئەوکات بەغدا رازی نەبوو سەردانی هەولێر بکات، لەبەرئەوەش وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانەکەی بۆ بەغداش هەڵوەشاندنەوە، دواتریش سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە ئاسۆی روونتری لە پەیوەندیەکان کردەوە و هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی پەیوەندی سیاسی و سەربازی کردەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئەڵمانی، ولاتەکە ئامانجیەتی هانی بەغدا و هەولێر بدات دەرفەتی رێککەوتن لە سێبەری دوو حکومەتی نوێدا لەدەست نەدەن، ئەو پرسەش لە رێگەی وەزیری بەرگری ئەڵمانیاوە لە هەولێر و بەغدا تاوتوێکراوە، کارێنباوەر لە بەغدا رایگەیاند سەقامگیری عێراق واتە سەقامگیری هەموو ناوچەکە، ئەوەش دەری دەخات ئەڵمانیا بەدوای ئەوەیە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندیان باش بێت تاوەکو دەرفەتی هاتنی کۆمپانیای زیاتری ئەڵمانی هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان .

 

© 2017 Hawler