تشرینی دووەم 22, 2019

پرۆژە تەواو نەكراوەكان تەواو دەكرێن

شاندێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن پڕۆژەی باڵەخانەی كرێنشینان و تونێلی پیرمامی بەسەر كردەوە و وەزیری ئاوەدانكردنەوەش رایدەگەیەنێت ئامانجیانە كاری جددی بكەن بۆ ئەوەی پرۆژە تەواو نەكراوەكان دەست بەكارەكانیان بكرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشكەش بە هاووڵاتییان بكرێت.

دوای ئامادەكردنی راپۆرتی خۆی سەبا‌رەت بەتەواوكردنی پرۆژە راوەستاوە‌كان ئێستا بە دووبارە كاركردن لەو پرۆژانە دەستیان پێكردووەتەوە، بەڵام هەندێ پرۆژەی خزمەتگوزاریی ماون، لەوانە پرۆژەی نیشتەجێببوونی كرێنشینانی هەولێر یەكێك لەو پرۆژانەی كە كاركردن تێیدا گەیشتووەتە ‌قۆناغی كۆتایی بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەت بێت لە ماوەی سێ مانگی داهاتوو پڕۆژەكە تەواو دەبێت.
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ژمارەیەك شوقە لە هەولێر دروستكراون كە لە قۆناغی تەواوبووندان و كار لەسەر خزمەتگوازرییەكان دەكرێت و هیوادارین نەگاتە دوو مانگی دیكە بەسەر خەڵكدا دابەش بكرێن.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی ژمارەی شوقەكان و كێن ئەوانەی لەم پڕۆژەیەدا سوودمەند دەبن گوتی:" ئەم شوقانە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت دروستكراون، دەكەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی كە پەیوەستن بە بابەتی كرێنشینان بۆ ئەوەی بە شێوەی قیست بە خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین بدرێت كە ژمارەیان ٣٩٦ شوققەیە.
دانا عەبدولكەریم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" پڕۆژەكە لە ساڵی 2012ەوە دەستیپێكردووە كە كۆی گشتی لە هەرێمی كوردستان نۆ هەزار و ٤00 شوقەیە لە هەریەك لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكان وەستابوون، ئێستاش پارە تەرخانكراوە بۆ ئەو شوقانەی تەواوكراون تاوەكو خزمەتگوزاریان بۆ دابین دەكرێت و دواتر دابەش دەكرێن.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دەڵێت: "هەموو كارێك دەكەین بۆ ئەوەی كاركردن لە تونێلی پیرمام نەوەستێت و بەزوویی بەڕووی شوفێراندا بكرێتەوە، بەتەواوكردنی شەقڵاوە دەكاتە گەڕەكێكی هەولێر و بە یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكوومەتی هرێمی كوردستانیش دادەندرێت.
دابینكردنی خزمەتگوزاریی و تەواوكردنی پڕۆژەكان لە پێشینەی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و ئێستا بەشێك لە پڕۆژەكان كاركردن تێیاندا دەستیپێكردووەتەوە و پێشبینیدەكرێت تەواوی پڕۆژەكان لە ئایندەیەكی نزیكدا كارەكانیان دەست پێبكاتەوە".

© 2017 Hawler