ئەیلول 21, 2019

کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم و عێراق دەستپێدەکاتەوە

وا بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە گەڕێکی تری کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق ئەنجامبدرێت و باس لە کێشە چارەسەر نەکراوەکانی نێوانیان بکەن.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ڕووداو، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە کۆبوونەوەکان بە مەبەستی دانوستان لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان حکومەتی هەرێم شاندێک ڕەوانەی بەغدا بکات و لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێم ئەندامانی هەردوو لیژنەی یاسایی و تەکنیکی دیاریکردووە و ئامادەکارییەکان تەواو کراون بەمەبەستی گفتوگۆکردن لە بارەی کێشەی مادەی ١٤٠ و نەوت و بودجە.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمیش لە بەغدا پشتڕاستی کردۆتەوە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و دواتریش شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی هەرێم دەکات.
لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لە ڕێگای لیژنەی دیاریکراوەوە دەست بە ئەنجامدانی گفتوگۆی جدی بکرێت بە مەبەستی چارسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، کە لە ڕابردوودا بەشێکیان چارسەر کراون و بەشێکی تریان کە تایبەتە بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و مەلەفی نەوت و بودجە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
جێگای ئاماژە پێدانە لە کۆبوونەوەی پێشووتریاندا، بڕیار لەسەر ئەوە درابوو، دوو لیژنەی یاسایی و تەکنیکی پێکبهێنرێن و درێژە بە دانوستانەکانی نێوانیان بدەن.
بەشی هەواڵ

© 2017 Hawler