ئەیلول 21, 2019

بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم؛ ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگا و بانەکانی پارێزگای سلێمانی تەرخانکراوە

بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار، بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگا و بانەکانی دەوروبەری شاری سلێمانی دابین کراوە و پارەکەش دەخرێتە سەر ئەژماری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

لە لێدوانێکیدا، زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەی ڕاگەیاندووە، بە بڕیارێکی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی، بڕی 10 ملیۆن دۆلار دراوە بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی.
کاکە ڕەزا بۆ ئاژانسی پەیامنێر ئەوەشی گووتوە:" ڕێگاوبانەكانی دەرەوە و ناوەوەی شاری سلێمانی تێك چوون و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بۆیە دابینكردنی بڕی 10 ملیۆن دۆلار لەلایەن مەسروور بارزانییەوە بۆ نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكانی سلێمانی، هەنگاوێكی ئەرێنی و جێگای دەستخۆشییە و بەو پارەیەش دەتواندرێت ڕێگاوبانەكانی سلێمانی نۆژەن بكرێنەوە، چونكە بڕەپارەیەكی زۆرە”
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێم کەوتە ژێر فشاری دارایی و قەیرانێکی سەختی تێپەڕاند، بەهۆی قەیرانیشەوە، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری ڕاگیرا، لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دوات تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەستی بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان کردۆتەوە و دووبارە پرۆژەکان دەستپێکراوەتەوە.

© 2017 Hawler