ئەیلول 21, 2019

هەولێر جەژنێکی ئارامی بەڕێ کرد

‌هاوشێوەی جەژنەکانی دیکەی رابردوو، هەولێر جەژنێكی ئارامی بەڕێکرد و کەمترین رووداو تۆمارکراون، لەگەڵ ئەوەش لە ٤ رۆژی جەژنی قوربان ١١٣ هەزار گەشتیار روویان لە هەولێر کردووە .

ساڵانە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی لە هەولێر و پارێزگاکانی دیکە بۆ رێگری لە رووداوی نەخوازراو دەکەونە حاڵەتی ئامادەباشی، ئێشکگری تیمەکان ئەمساڵ وای کرد کەمترین رووداو لە هەولێر تۆمار بکرێت .
عەبدولخاڵق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە رووداوەکانی جەژن کرد، دەڵێت :" جەژن بە شێوەیەکی ئارام و سەقامگیر لە هەولێر بەڕێوەچووە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند:" لە جەژندا هیچ رووداوێكی ئەوتۆ نەبووە شایانی باسکردن بێت، پۆلیس هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی سەروو ماڵی خەڵک .
پۆلیسی هەولێر هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند :" لە جەژندا تەنیا دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون، دوای ئەوەی ٤ گەشتیاری عەرەب کاژێر یەکی شەو ویستوویانە لە هەولێرەوە بگەڕێنەوە، لەلایەن دوو کەسەوە رێگەیان لێدەگیرێت بە ئۆتۆمبێلێکی تەکسی، بە ناوی ئەفسەری ئاسایش لێپێچینەوەیان لەگەڵ ٤ گەشتیارە عەرەبەکە کردووە و ناسنامەیان لێ وەرگرتوون، هەرچوار هاووڵاتییەکەیان سواری ئۆتۆمبێلە تەکسییەکە کردووە و یەکێکیان ئۆتۆمبێلی بی ئێمی ٤ گەشتیارەکەی بردووەتە شوێنێک و شاردوویەتییەوە، دواتر هەر لە شەودا ٥ هاووڵاتییە عەرەبەکەیان لەناو شاردا دابەزاندووە و فڕێیان داون .،
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەڵێت" کەمتر لە ٢٤ کاژێر دوای رووداوەکە توانیویانە هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن و دانیا بە تاوانەکەیاندا ناوە، مەبەستیان لە رێگریەکە بردن و دزینی ئۆتۆمبێلەکە بووە، گوتیشی:" تەکسییەکە و ئەو دوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون و ئۆتۆمبێلی ٤ گەشتیارەکەش دۆزراوەتەوە،دوای بڕیاری دادگا رادەستیان دەکرێتەوە .
عەبدولخاڵق تەڵعەت هەروەها گوتی :" ئەو دوو تۆمەتبارە پێشتر پێشینەی تاوانیان هەبووە و دوای تەواوکردنی ماوەی زیندانیان پێشتر ئازادکراون،بەڵام ئەمجارە تاوانەکەیان قورس و گەورەیە، چونکە دووبارە تاوانیان کردووەتەوە، لەگەڵ تۆمەتبارەکانیش دەست بەسەر چەک و کەلوپەلی دیکە داگیراوە، هەموو ئەو کەلوپەلانەشی لە گەشتیارەکانیان وەرگرتبوو،بۆ هاووڵاتیە عەرەبەکان گەڕێندراوەتەوە .
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر هەروەها دەڵێت:" جگە لەو رووداو هیچ رووداوێكی دیکە نییە،شایەنی باس بێت، ئەو دوو تۆمەتبارەش رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر .
عەبدولخاڵق تەڵعەت لەبارەی هاتنی گەشتیاران و سەلامەتیان دڵنیایی دا و دەڵێت:" لە جەژندا ١١٣ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر و دوای تەواوکردنی گەشتەکانیان خەریکە دەگەڕێنەوە شارەکانیان، دەشڵێت :" س%100 دڵنیایی دەدەینە خەڵكی خۆشمان شار ئارامە، رێوشوێنی پێویستی ئەمنی گیراوەتە بەر .

© 2017 Hawler