ئەیلول 21, 2019

سێ ده‌روازه‌ی دیكه‌ی نێوان هه‌رێم و ئێران به‌ نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرێن

جێگری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێ، كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری به‌ فه‌رمی ناساندنی سێ ده‌روازی سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێرانی به‌ مه‌به‌ستی بازرگانی و گه‌شتیاری نێوانیانده‌ركردووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كاوه‌ عه‌لی كه‌ریم جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێ، سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئێران به‌ نووسراویان له‌ به‌رواری ١٠ی ئاب، ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌فه‌رمی كردنی مه‌رزه‌ سنوورییه‌كانی (كێلێ، شوشمێ-ته‌وێڵه‌، شێخ ساڵح-پشته‌) داوه‌.
جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا كه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنه‌كانی ناردووه‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌نگاوی دواتر ده‌كات، بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌ردوو لایه‌نی عێراق و ئێران له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كۆببنه‌وه‌ و بڕیاری كۆتایی له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حكوومه‌ت دایه‌.
له‌ به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌دا كاوه‌ عه‌لی جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی هه‌شتی ئاب و له‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ شاندی كۆماری ئیسلامی ئێران و ئاماژه‌ كردنیان به‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕینی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامی بۆ به‌ فه‌رمی كردنی مه‌رزه‌ سنوورییه‌كانی كێلێ و ته‌وێڵه‌ و پشته‌، داوای نووسراوی ڕه‌زامه‌ندییه‌كه‌مان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكار بین له‌ گه‌یاندنی به‌ لایه‌نی فه‌رمی عێراق و به‌ سوپاسه‌وه‌ وێنه‌ی نووسراوه‌كه‌یان بۆ نادین.
هه‌رێمی كوردستان سنوورێكی به‌رفراوانی له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێراندا هه‌یه‌ و ساڵانه‌ له‌ڕێگه‌ی مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیانه‌وه‌ بایی ملیاران دۆلاری ئه‌مه‌ریكی كاڵا هاورده‌ی كوردستان و عێراق ده‌كرێت، هاوكات ملیۆنان گه‌شتیار له‌و ڕێگانه‌وه‌ دێن و ده‌ڕۆن.

© 2017 Hawler