ئەیلول 21, 2019

حزبه‌ عەرەبی و تورکمانه‌كان نایانەوێت پارێزگاری کەرکووک کورد بێت

سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک ژمارەی کورسییەکانی کورد زۆرینەیە و تورکمانەکان لە کۆی ٤١ کورسی خاوەنی تەنیا ٩ کورسین لە ئەنجوومەنەکە، بەڵام لە ئێستادا و بە سوود وەرگرتن لە گۆڕانکارییەکانی پارێزگاری کەرکووک لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، تورکمانەکان پۆستی پاریزگاری کەرکووک بە مافی خۆیان دەزانن.

ئەمە سەرباری ئەوەی عەرەبەکانی ئەو شارە پێداگری لەوە دەکەن پۆستی پارێزگار لە دەستی خۆیاندا بمێنێتەوە، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی سەپێنراو لە ١٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە ڕاکان جبوری وەک پارێزگار سەپێنرا بەسەر خەڵکی پارێزگاکەدا.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی، ئەرشەد ساڵحی لە لێدوانێکی میدیاییدا، ئەوەی راگەیاندووە، ئەوان وەک تورکمان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پارێزگاری کەرکووک مافی خۆیانە و دەڵێت:" تائێستا هیچ کۆدەنگی و رێککەوتنێک نییە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، تائێستا ئێمە رژدین لەسەر ئەوەی پارێزگار تورکمان بێت، پێموانییە لەم ماوەیەدا بگەینە ئەنجامێکی کۆتایی، چونکە کەیسەکە بەتێکڕا پەیوەستە بە کەیسی سیاسی و کارگێڕیی و ئەمنی و ئابوورییەوە".
لەماوەی رابردوودا، ئەوە ڕاگەیاندرا، کە پارتی و یەکێتی لەسەر دانانی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ناوی تەیب جەبار بۆ ئەو پۆستە دەهێنرا، بەلام تا ئێستا لە نێو لیستی برایەتی لەو بارەیەوە کۆبوونەوە ئەنجام نەداراوە و کۆدەنگی لەسەر دروست نەبووە و بارودۆخی کەرکووکیش هەر وەک خۆی ماوەتەوە کە ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

© 2017 Hawler