ئەیلول 21, 2019

گرفتی كه‌مئاويی دهۆك چاره‌سه‌ر كرا

پاڕێزگاری دهۆك به‌وه‌كاله‌ت ڕایده‌گه‌یه‌نێ، گرفتی كه‌م ئاوی پارێزگای دهۆك و قه‌زای سێمێل چاره‌سه‌ر كراوه‌ و توانراوه‌ جارێكی دی له‌ یه‌ك كاتدا هه‌شت هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو بۆ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌دابین بكرێت.

١٨ی ئاب به‌هزاد عه‌لی ئاده‌م پارێزگاری دهۆك به‌وه‌كاله‌ت له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، به‌ هاوكاری لایه‌نی پێوه‌ندیدار توانیویانه‌ گرفتی كه‌م ئاوی دهۆك و قه‌زای سێمێل، كه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ گرفتی بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ دروست كردووه‌، چاره‌سه‌ر بكه‌ن و وه‌كو جارانی لێ بكرێته‌وه‌.
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئه‌ندازیار جه‌لال جه‌میل به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی دهۆك گوتی "به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما و دروست بوونی قه‌وزه‌ له‌ حه‌وزه‌كانی پڕۆژه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی دهۆك، به‌شێك له‌ خه‌ڵكی گرفتی كه‌م ئاوییان بۆ هاته‌ پێش، به‌و هۆیه‌وه‌ وداوای لێبوردن له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین و دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه‌ گرفتی كه‌م ئاوی چاره‌سه‌ر كراوه‌".
به‌هۆی پیسی به‌شێك له‌ حه‌وزی سه‌ره‌كی ئاوی دهۆك، ماوه‌ی ١١ ڕۆژه‌ گرفتی كه‌م ئاوی له‌ به‌شێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی پارێزگای دهۆك و قه‌زای سێمێل سه‌ریهه‌ڵداوه‌، پڕۆژه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی دهۆك كه‌ ٦٥% ی ئاوی پارێزگای دهۆك و قه‌زای سێمێل دابین ده‌كات،له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو ڕۆژانه‌ كه‌متر له‌ نیوه‌ی تواناكه‌ی ئاوی ده‌پاڵاوت، له‌ كاتێكدا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بۆ هه‌ر كاتێك زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ پاڕێزگای دهۆك و قه‌زای سێمێل دابین ده‌كرد.

© 2017 Hawler