ئەیلول 21, 2019

هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد

هۆتێل و مۆتێلەكانی كوردستان پڕ ببوون لە گەشتیار كە زیاتر لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتبوون، لەم جەژنەدا هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد.

بەهۆی جیاوازی پلەكانی گەرما، بەرقەراری ئاسایش و خزمەگوزاریی زیاتر. سەدان هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەجۆرێك هەندێكیان شوێنی مانەوەیان لە هۆتێل و مۆتێلەكان دەست نەدەكەوت و بەشێكیان ناچار بوون لەسەر شەقامەكان بخەون.
پێش هاتنی جەژنی قوربان، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پاراستی گیانی گەشتیاران، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار كۆمەڵێك رێنمایی دەركردن بەرپرسانی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە رێگەی تیمی تایبەتەوە چاودێری جێبەجێ كردنی رێنماییەكان دەكەن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان و نزیك چەم و رووبارەكان.
ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ‌كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمیش، بەرنامەڕێژی و پلانی ستراتیژی داڕشتووە بۆ ئەوەی حكوومەت وەك یەكێك لە سەرچاوەكانی داهات پشت بە كەرتی گەشتیاریی ببەستێت، بە پێی ئامارەكانی دەستەی گەشتوگوزار لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ نزیكەی ملیۆنێك و 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، زۆربەیان لە باشوور و ناوەڕاست و وڵاتی ئێرانەوە هاتوون.
بە گوتەی بەرپرسانی كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو گەشتیارانەی كە لەو چەند رۆژەدا سەردانی هەرێمیان كردووە لە سەرووی پێشبینیەكان بووە و ئاماری هاتنی گەشتیارانیش بۆ هەرێم دڵخۆشكەرە و هاتنی گەشتیاران ژمارەیی پێوانەیی تۆمار كردووە، تەنیا لە 8ـی ئەم مانگەوە تا 12 مانگ، 208 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
ئامینە محەمەد، كە گەشتیارێكی ناوەڕاستی عێراقە بۆ "هەولێر" دەڵێ:" لە هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەك بۆ گەشتیاران كراوە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشیە و زۆر سوپاسی حكوومەت و دەزگا ئەمنییەكان دەكەین كە بەردەوام رێنمایی ئێمەی گەشتیاران دەكەن بۆ ئەوەی كاتێكی خۆش لە شوێنە گەشتیارییەكان بەسەر ببەین.
ئازاد رەسوول، گەشتیارێكی هەولێرە بۆ خۆ دزینەوە لە گەرمای هاوین سەردانی رووباری زرارای كردبوو، بۆ "هەولێر" گوتی:" بەڕاستی كەشوهەوای زرارا زۆر خۆشە و هەست ناكەی كە هاوینە، نرخی كەپرە گەشتیارییەكانیش زۆر باشە، شەو و رۆژ20 هەزار دینارە، ئەوەش نرخێكی موناسبە و هانمان دەدات كە هەموو هەفتەیەك بۆ خۆدزینەوە لە گەرمای هاوین سەردانی ئەو شوێنە خۆشە بكەین.
بەدر عەبدوڵڵا، كە لە باشووری عێراقەوە بۆ گەشت و خۆشی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد بوو بە "هەولێر"ـی راگەیاند:"باشوور و ناوەڕاستی عێراق زۆر گەرمن، بەڵام بە پێچەوانەوە كەشوهەوای كوردستان زۆر خۆشە و لە هاوین هەوارەكان وا هەست دەكەی كە لە مانگی چواری، كەشوهەوایەكەی زۆر خۆش و فێنكە، جگە لەوەی هەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارامە بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و لێرە هەست بە دڵنیایی تەواو دەكەین".
مەنسوور مونیر، ئەویش گەشتیارێكی دیكەیە بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" كوردستان زۆر خۆشە و شوێنی زۆر خۆشیشی هەیە، خەڵكەكەشی رێز لە گەشتیاران دەگرن، مامەڵەی دەزگا ئەمنییەكان لەگەڵ گەشتیاران زۆر باشە، لەگەڵت هاوكارن بۆ ئەوەی بە زووترین كات بگەیە شوێنە گەشتیارییەكان، ئەوەش زیاتر سەرنجی گەشتیارانی راكێشاوە، كە بەردەوام روو لە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێم بكەن.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە "هەولێر"ـی گوت:" لە سنووری سۆران زیاتر لە 30 شوێنی گەشتیاری هەن، بە بەراورد لەگەڵ جەژنی رابردوو رێژەی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران 100% زیادی كردووە، كە یەكەمجارە سۆران ئەم ژمارە گەشتیارە زۆرە لە خۆ بگرێت و زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار و سەردانیكەر سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانیان كردبوو، شوێنە گەشتیارییەكان پڕ ببوون لە گەشتیاران، زۆربەی گەشتیارانیش لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتبوون، ئەوانی دیكەش لە هەر دوو وڵاتی ئێران و توركیاوە هاتبوون، ئێستاش هاتنی گەشتیاران بەردەوامە".

© 2017 Hawler